ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی ھیچ بڕیارێكی نەدا

یەكێتی كۆمیتەیەك بۆ بەڕێوەبردنی پێكدەھێنێت

K24 - ھەولێر

كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە بێ هیچ بڕیارێک كۆتایی ھات و پێشنیاز کراوە کە دەستەیەک بۆ بەرێوەبردنی یەکێتی بەناوی دەستەی باڵای بەرێوەبردنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە 11 کەس پێکبهێنرێ.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست کوردستان24 کەوتووە، لە سەرچاوەیەکی باڵای نێو یەکێتی، لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئەو حزبە هیچ بڕیارێک نەدراوە، بەلکو پێشنیاز کراوە بۆ هەلوەشاندنەوەی مەکتەبی سیاسی و دامەزراندنی دەستەیەکی باڵا بۆ بەرێوەبردنی کارەکانی یەکێتی تا کونگرە.

ئەو سەرچاوە کە نەویست ناوی ئاشکرا بکرێت گوتی: "رۆژی دوو شەممە سەرکردایەتی یەکێتی جارێکی دیکە لە هەولێر کۆدەبێتەوە و چاوەڕێ دەکرێ بڕیار لەسەر دامەزراندنی دەستەی باڵای یەکێتی بدرێ کە لە 11 کەس پێکدێت و کوسرەت رەسوڵ سەرۆکاتی دەکات".