راگه‌یاندی جه‌نگی: هێرشبه‌رانی دوو ته‌قینه‌وه‌كه‌ی كه‌ركووك هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی بیانین
هێرشبه‌رانی دوو ته‌قینه‌وه‌كه‌ی كه‌ركوك، هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی بیانین
K24- هه‌ولێر:
شانه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگی سه‌ر به وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراقی له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، ئه‌نجامده‌رانی دوو ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه سه‌نته‌ری شاری كه‌ركوكیان كرده ئامانج، هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی بیانین.
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه، زانیاری سه‌ره‌تایی له‌باره‌ی ئه‌و دوو خۆكوژه‌وه ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، پێشتر دوو هێرشبه‌ره‌كه له یه‌كێك له خانوه‌كانی ناو شاری كه‌ركوك خۆیان شاردبووه‌وه.
ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، له‌كاتی هێرشه‌كه‌دا كه له‌سه‌ر شه‌قامی ئه‌تله‌سی ناوه‌ڕاستی كه‌ركوك ئه‌نجامدرا، كه‌سێك كوژراو بیست و یه‌كی دیكه‌ش بریندار بوون. وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه، زۆربه‌ی برینداره‌كان برینه‌كانیان سوك و مامناوه‌نده و، به‌دواداچوونیش له‌مباره‌یه‌وه به‌رده‌وامه.
ئێواره‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه، دوو ته‌قینه‌وه‌ی یه‌ك له‌دوای یه‌ك باره‌گایه‌كی میلیشیاكانی سه‌رایا سه‌لامی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبیان كرده ئامانج و، زانیاری جیاواز له‌باره‌ی ژماره‌ی كوژراو و برینداره‌كان هه‌یه، كه جگه له‌و ژماره‌ی له‌لایه‌ن شانه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگی سه‌ر به وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراقه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه، هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی دیكه‌ی عێراقی، ژماره‌ی كوژراوانی ئه‌و دوو هێرشه به پێنج كه‌س ده‌خه‌مڵێنن. تائێستاش هیچ لایه‌نێك به‌رپرسیارێتی خۆی له ئه‌نجامدانی ئه‌و دوو ته‌قینه‌وه‌یه رانه‌گه‌یاندووه.