يهكێتى له دووڕيانى لێكترازان و خۆ رێكخستنهوهدا.. ململانێى باڵهكانى قووڵتر بوونهتهوه
ھەر لەسەرەتای درووستبوونیەوە ھەڵگری کۆمەڵێک ناکۆکیی بووە لەناو خۆیدا
K24 – ههولێر:
دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، كێشە و ململانێكان لە ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان قوڵتر بوونەتەوە و تا ئێستاش نەتوانراوە دۆخی ناو یەكێتی ئاسایی بكرێتەوە و رەنگە ئەمەش كاریگەری خراپ لەسەر بارودۆخی سیاسی ھەرێمی كوردستان دروستبكات.
دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و رێککەوتنی ژێربەژێری چەند کەسێکی ناو یەکێتی دەرئەنجام رادەستکردنی کەرکووک و چەند ناوچەیەکی دیکەی کوردستانی بەدوای خۆیدا ھێنا. ئەمەش ھۆی قووڵبوونەوەی ناکۆکیيەکانی ناو یەکێتی کە ھەڕەشەیەکی دیکەی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی ھەرێمی کوردستان.
ئەگەر چاوێک بە مێژووی دروستبونی یەکێتی نیشتیمانیدا بخشێنیەوە دەبینین:
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ھەر لەسەرەتای درووستبوونیەوە ھەڵگری کۆمەڵێک ناکۆکیی بووە لەناو خۆیدا و بەرپرسانی ئەو حیزبە دان بەو ڕاستیەدا دەنێن کە یەکێتی ڕێکخراوێکی نیمچەبەرەیی بووە نەک حزبێکی یەکگرتوو. ئەم ناکۆکیە ھەر بەتەنھا لەنێوان ھەرسێ لایەنی ناو یەکێتی: کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان و ھێڵی گشتیدا نەبووە بەڵکو لەناو خودی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانیشدا ھەبووە کە خاوەنی یەک ڕێکخستنی خۆی بووە.
ھەرچەندە ئەو ناکۆکیانەی ناو یەکێتی لە سەردەمی شاخدا گەییشتە ڕادەی ئەوەی کە دوو جیابوونەوەی گەورەی تێدا ڕووبدات ئەوانیش جیابوونەوەو درووستکردنی حزبی سۆسیالیستی کوردستان و ئاڵای شۆڕش بوون. جیابوونەوەی یەکەم شەڕی چەکداریی لێ دروستبوو جیابوونەوەی دووەمیش زیندانیکردنی مەلابەختیار و ڕاوەدونان و دەرکردنی خۆی و عیماد ئەحمەدو سالار عەزیز و ژمارەیەک لە بەرپرسی سەربازی و ڕێکخستنەکانی یەکێتی لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی یەکێتی لێکەوتەوە بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو کات لەشاخ بوون و دووربوون لە شارو حوکمڕانیی شارەکان ، خەڵک ئەم ناکۆکیانەی نەدەبینی و ئەم ناکۆکیانەش ھیچ زیانێکی بۆ سەر ئاساییش و گوزەرانی خەڵک درووست نەدەکرد .
دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 مام جەلال ویستی ئەو ناکۆکیانە خامۆش بکاتەوەو تەنانەت ھەموو رێکخستنەکانی سەردەمی شاخ لە چوارچێوەی یەک ڕێکخستن و ئاراستەدا بتوێنێتەوە بەناوی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و ھەر ئەمەش ئامانجی یەکەمی کۆنگرەی یەکەمی یەکێتی بوو لەساڵی 1992 بەڵام دواتر دەرکەوت ئەم کۆنگرەیەش نەیتوانی یەکێتی بکاتە یەک حزبی پتەو لەناوخۆیدا چونکە زۆری نەبرد کە دوای ئەم کۆنگرەیە نەوشیروان مستەفا کوردستانی بەرەو لەندەن بەجێھێشتەوە .
کۆنگرەی سێیەمیش کەدوای جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفاو ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی لەیەکێتی کە لەساڵی 2010 بەسترا نەک ھەر نەیتوانی ناکۆکیەکانی ناو یەکێتی چارەسەر بکات بەڵکو ئەمجارەیان ناکۆکیيەکی قوڵی نێوان بەرھەم ساڵح و ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدی لەبەرچاوی زیاتر لەھەزار ئەندامی کۆنگرە دەرخست کاتێک کە مام جەلال پێشنیازی دانانی کۆسرەت ڕەسووڵ و بەرھەم ساڵحی وەک دوو جێگر بۆ خۆی کرد بەڵام دەستبەجێ و لەڕیزی پێشەوەی کورسیەکانی ناو ھۆڵی کۆنگرەوە، ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد و ھەندێکی تر کارتی سووریان بەرەوڕووی مام جەلال بەرزکردەوە واتە ناڕازیبوون لەوەی کە کۆسرەت ڕەسووڵ و بەرھەم ساڵح ببن بە جێگرانی سکرتێری گشتی .
ئەم ڕاستیە دوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی لە دیسەمبەری 2012دا باشتر دەرکەوت کە تادەھات ناکۆکیيەکان قوڵتر دەبوونەوەو گەییشتە ئەوەی کە دەستکاری پۆستە ئەمنیەکانی یەکێتییش بکرێت بەشێوەیەک کە لە جیاتی د خەسرەو گوڵ محەمەد ، لاھور شێخ جەنگیان کردە بەرپرسی دەزگای زانیاری و جارێکی تر ھێنانەوەو دەرخستنەوەی بافڵی کوڕەگەورەی جەلال تاڵەبانی ئەمەش یەکێک لەو ھۆکارانەبوو کە کۆسرەت ڕەسووڵ و بەرھەم ساڵح بەردەوام پێداگیریان لە گۆڕانکاری لە پۆستە ئەمنیەکاندا دەکرد. بەڵام تەقینەوەی گەورەی ناکۆکیەکان لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە مام جەلال کۆچی دوایی کردو دوای ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر بەدوو بەیاننامە لەلایەن کۆسرەت ڕەسووڵ و مەلابەختیارەوە گرووپێکی ناو یەکێتی تۆمەتبارکران بە ڕادەستکردنی خورماتوو و کەرکووک بە حەشدی شەعبی و بەرپرسیارێتی ھەموو زیانەکانیشیان خستە ئەستۆی ئەوگرووپە کە ھیچ پلەو پۆستێکی سەرکردایەتییشیان لەناو یەکێتیدا نیە تەنیا ئەوەنەبێت کە لە بنەماڵەو ناو خانەوادەی جەلال تاڵەبانین، ئاستی ئێستای ناکۆکیەکانیشیان گەییشتۆتە ئەوەی کە ئێستا ھەندێکیان دەڵێن مەکتەبی سیاسی بەبڕیاری سەرکردایەتی ھەڵوەشاوەتەوەو ھەندێکی تریشیان دەڵێن نەخێر ئەمە کودەتاو ھەوڵی دەستبەسەرداگرتنی یەکێتیە لەلایەن گرووپێک و قۆرخکردنی یەکێتیە بۆ خۆیان کە لێرەشدا مەبەستیان ھەمان ئەو گرووپەیە کە تۆمەتبارن بە ڕادەستکردنی خورماتوو و کەرکووک بە حەشدی شەعبی.
ئێستا پرسیاری خەڵک ئەوەیە ئەگەر پێشترو لەشاخدا ناکۆکیيەکانی ناو یەکێتی زیانی بۆ ئاساییش و گوزەرانیان نەبووبێت بەڵام ئایا ئێستا ناکۆکییەکانی یەکێتی کە لایەنێکی سەرەکیی دەسەڵاتە لە کوردستاندا زیانی بۆسەر ئاساییش و گوزەرانیان دەبێت بەتایبەتییش ئێستا لەھەموو کاتێکی تر زیاتر کاریگەریی ئێران بەئاشکرا بەسەر بەشێکی ناو یەکێتیەوە دیارەو دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر ئەم کاریگەريیە لەھەموو کاتێکی تر زیاتر ڕوونتر دەرکەوت کە بووە مایەی لەدەستدانی نیوەی باشووری کوردستان و درووستبوونی ھەڕەشە بۆ سەر نیوەکەی تر.