مێسی: ئه‌گه‌ر بۆ مۆندیال سه‌رنه‌كه‌وتبام، وازهێنانم له‌ یاری نێوده‌وڵه‌تی راده‌گه‌یاند

مێسی باسی رۆژه‌ ترسناكه‌كه‌ ده‌كات

لیۆنێل مێسی كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی تانگۆ له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا ددانی به‌وه‌ دانا ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژارده‌كه‌ی نه‌گه‌یشتبایه‌ مۆندیال، راسته‌وخۆ بڕیاری وازهێنانی له‌ یاریی نێوده‌وڵه‌تی راده‌گه‌یاند.

له‌ دوایین یاریی پاڵاوتنه‌كانی مۆندیال بۆ گه‌یشتن به‌ مۆندیالی 2018ـی رووسیا به‌رامبه‌ر ئیكوادۆر، لیۆنێل مێسی فشارێكی زۆری له‌سه‌ر بوو، چونكه‌ چاره‌نووسی گه‌یشتنی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی بۆ مۆندیال په‌یوه‌ست بوو به‌و یارییه‌، به‌ڵام مێسی له‌ یارییه‌كه‌دا هاتریكی تۆمار كرد و راسته‌وخۆ بلیتی گه‌یشتنی مۆندیالی 2018ـی بۆ تانگۆ بڕی.

مێسی خاوه‌نی 5 خه‌ڵاتی تۆپی زێرین، ده‌شڵێت: من نامه‌وێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ خه‌یاڵیش بیر له‌ سه‌رنه‌كه‌وتنی تانگۆ بۆ مۆندیال بكه‌مه‌وه‌، چونكه‌ قسه‌كردن له‌مباره‌یه‌وه‌ زۆر قورسه‌.

مێسی گوتیشی: من هێشتا هیچ بڕیارێكم له‌ باره‌ی داهاتووی خۆم له‌گه‌ڵ تانگۆ نه‌داوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ هه‌وڵه‌كانمان بۆ گه‌یشتن به‌ مۆندیال سه‌ركه‌وتوو نه‌باین، بێگومان یه‌كه‌مین بڕیارم ره‌نگه‌ وازهێنان با له‌ یارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.