ئهو گۆڕانكارییانهی ھاینکس دوای رۆیشتنی ئانچیلۆتی ئهنجامی دا
نهێنی بهرز بوونهوهی ئاستی بایرن میونشن له دوای گهڕانهوهی هاینكس چی بوو؟
یوپ ھانکس راھێنەری ئێستای بایرن میونشن سەرکەوتوو بوو بە کۆتاییھێنان بەو بارودۆخە خراپەی یانەکە لەماوەی رابردوو له سهردهمی ئانچیلۆتی دووچاری ھاتبوو، ئەمەیش دوای ئەوە ھات ئەو راھێنەر توانی دوو جار لە لایپزێگ بباتەوە، لە سیگناڵ ئیدۆنا پاڕکیش دۆرتمۆندی تێپەڕاند، لە چامپیۆنزلیگیش لە سەڵتیکی سکۆتلەندی بردەوە، بەمەیش یانەکە بە باشترین شێوە گەڕایەوە سەر رێچکەی جارانی، بەجۆرێک گومانی خستە نێو دڵی ھاندەرانی یانەکە، چونکە یانە باڤارییەکە بەرانبەر ھێرتا و فۆڵفسبۆرگ نەیتوانی سەرکەوتن تۆمار بکات، لە چامپیۆنزیش بە پاریس سان جێرمان شکستبار بوو، ئەو گۆڕانکارییەی لەرووی ئاستی یانەکە بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە:
ـ بە ھاتنی ھاینکس شێوازی یاریکردنی یانەکە بۆ 4-2-3-1 گەڕایەوە، ئەم شێوازە ھێڵی پێشەوەی بایرنی ئەکتیڤترکرد بەبوونی مۆلەر یان خایمس پشت لیڤاندۆفسکی، ھاوکات باڵەکان چالاکتربوون.
ـ لەسەردەمی ئانچیلۆتی ئاستی یاریزانانی یانەکە لە داکشانێکی بەردەوامبوون، کۆمان و مۆلەر و ئالابا و بواتینگ ئاستی جارانیان نەما، تەنانەت کێشەش لە نێوان یاریزانان درووست ببوو، بەڵام دوای گەڕانەوەی ھاینکس لاپەڕەیەکی نوێ ھەڵدرایەوە، ئەمەیش ئەوەی دەرخست کە یاریزانان لەسەردەمی ئانچیلۆتی لە رووی دەروونییەوە باش نەبوون.
ـ خاڵێکی دیکە کە کاریگەرە، گەڕانەوەی متمانە بۆ سڤین ئۆلرایش گۆڵپارێزی یەدەگی یانەکە، ئەو گۆڵپارێزە لە یارییەکەی دۆرتمۆند ئاستێکی ناوازەی پێشکەش کرد.
ـ ھاینکس بەوە ناسراوە بە گۆڕینی بەردەوامی شێواز و پلانی یاریکردن، ئەمەیش لەسەر جۆری ئەو یانە و یارییەی دەوەستێت کە ئەنجامیدەدات، ئەم لایەنە بەدیکرا بەرانبەر یانەی لایپزێگ لە جامی ئەڵمانیا و لە بۆندزلیگاش بەرانبەر بە دۆرتمۆند.
ـ تاکە کێشەی بایرن کە ئێستا ھاینکس کاری لەسەر دەکات ئەوەیە کە یانەکە بەدەست دابەزینی ئاستی توانای جەستەیی بەشێک لە یاریزانەکانی دەناڵێنێت، بەپێی ئەوەی تیپەکە لە دوایین 15 خولەکی یارییەکانی دووچاری ئەم کێشەیە دەبێتەوە.
لوقمان عەلی
