نهێنییەکانی ئاستبەرزیی ئەم وەرزەی کێڤن دێ برۆینە

گواردیۆلا بە مێسی دووەمی ناوزەد دەکات

K24 - نووسینی: لوقمان عەلی

کێڤن دی برۆینەی بەلجیکی و یاریزانی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی لەم وەرزەدا ئاستێکی نموونەیی پێشکەش دەکات و پیپ گواردیۆلا بە مێسی پرێمەرلیگ ناوزەدی دەکات و پێیوایە دوای مێسی باشترین یاریزانە راهێنەرایەتی کردبێت.

ئەستێرەکەی سیتیزینس لەسەرەتای ئەم وەرزە بە نمایشکردنی ئاستێکی ئەفسووناوی چەندان ژمارەی جیاوازی تۆمارکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە زۆرتر وەکو ناوەڕاستکاری چەق و بڕەر یاریی دەکات و لە گۆڵی تیپی بەرامبەر دوورە. دی برۆینە لە چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزە رۆڵی لە چوار سەرکەوتنی یانەکەی گێراوە، لە پرێمەرلیگیش ھاوکاری تیپەکەی کردووە لە دەستەبەرکردنی 31 خاڵ لە 11 گەڕی خولەکە.

قژ زەردە بەلجیکییەکە لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەکان بەشداری لە 12گۆڵی تیپەکەی گواردیۆلا کردووە. دێ برۆینە لەم وەرزەدا ھەمووانی تووشی شۆک کرد، چونکە ئەو یاریزانە ئەوەی تێبینی کراوە لەشوێنی خۆی یاری ناکات، بەڵکو زیاتر گەڕاوەتەوە پشتەوە وەک یاریزانی ئیرتیکاز لەتەک سێلڤا بەشداری لە ھێرشەکانی یانەکەی دەکات، ھاوکات ئەرکی بەرگریکردنی لەلایەن گواردیۆلاوە پێبەخشراوە، سەرباری ئەمەیش لە ناوەڕاستی مان سیتی و لەھێرشە خێراکان زۆر ئەکتیڤانە دەردەکەوێت، ئەمەیش وایکردووە بەپلەی یەکەم بێت لەرووی راکردنەوە دوای ئەوەی لە چوار یاری قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ 48052 مەتر رابکات بەڕێژەی 12 کیلۆمەتر بۆ ھەر یارییەک.