بەڤیدیۆ.. بیرۆکەیەکی سەرشێتانەی یاریزانێکی باسکە
خاڵێک لە بەرزیی 15 مەترەوە تۆمار دەکات و ناوی لە کتێبی گینس تۆمار دەکات
K24- هەولێر
یاریزانێکی باسکە لە بیرۆکەیەکی سەرشێتانەیدا لە بەرزی زیاتر لە 15 مەترەوە خاڵێک تۆمار دەکات و ناوی لە کتێبی گینس تۆمار دەکات.
توندەر لاو کە پێشتر سێ ریکۆردی دیکەی کتێبی گینسی لە یاریی باسکە شکاندووە، دەیەوێت لە بەرزی زیاتر لە 15 مەتر خاڵێک تۆمار بکات.
لاو لە یەکەم هەوڵی و لە بەردەم لێژنەی سەرپەرشتیارانی کتێبی گینس ریکۆردەکەی شکاند و چوارەم ریکۆردی بەناوی خۆی لە کتێبی گینس تۆمارکرد و لە بەرزی 50 پێ خاڵێکی لەو بۆردە تۆمارکرد کە لە بەرزایی ١٥ مەتر بە بەرزکەرەوەیەکەوە بەسترابوو.
ئەمە یەکەمجار نییە لاو هەوڵی شکاندنی ریکۆرد دەدات، لەوەتەی ساڵی 2004وە ساڵانە لەگەڵ یاریزانەکانی دیکەی هارلێم گلۆبترۆتەرس رۆژێک دیاریی دەکەن و بەیەکەوە چەند ریکۆردێکی کتێبی گینس دەشکێنن و لەسەر ناوی تیپە بەناوبانگەکەیان تاپۆی دەکەن، کە تاکو ئێستا ١٧ ریکۆردیان بەناوی خۆیانەوە لە کتێبی گینس تۆمارکردووە.
تیپی هارلێم گلۆبترۆتەرسی ئەمریکی لەوەتەی ساڵی 1926وە دامەزراوە و لە 31 وڵاتی جیاوازەوە یاریزانی بەهرەمەندیان هەیە و نمایش و جوڵانەوەی سەرنجڕاکێش بە تۆپی یاریی باسکە لە هۆڵە جیاوازەکان دەکەن و هەر جارەو بیرۆکەیەکی سەرشێتانەیان جێبەجێ دەکەن.