باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مريكا ورده‌كارى پرۆگرامه‌كانى په‌روه‌رده‌ و ده‌رفه‌تى خوێندن له‌ ئه‌مريكا بۆ كوردستان 24 ده‌خاته‌ڕوو

كونسوڵخانه‌كه‌يان له‌ هه‌ولێر پرۆگرامى جياوازى بۆ فێرخوازان هه‌يه‌

K24 – هه‌ولێر:

له‌ گفتوگۆيه‌كى تايبه‌تيدا له‌گه‌ڵ كوردستان 24، بەرپرسی كاروباری پەروەردە و كەلتور و رۆژنامەوانی لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد رايگه‌ياند، باڵيۆزخانه‌ى وڵاته‌كه‌يان له‌ به‌غدا و كونسوڵخانه‌كه‌يان له‌ هه‌ولێر پرۆگرامى جياوازى بۆ فێرخوازان هه‌يه‌ و ئاره‌زوومه‌ندانى گه‌شه‌پێدانى زانستى به‌رده‌وام له‌ زانكۆكانى كوردستان ده‌توانن سوود له‌و پرۆگرامانه‌ وه‌ربگرن و ئاسانكارى پێويستيشيان بۆ ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ئه‌مريكا درێژه‌ به‌ خوێندنيان بده‌ن.

ده‌قى گفتوگۆكه‌

ئومێد: زۆرخۆشحاڵم بە ئامادەبوونتان بەرێز جۆن كینكانن،

كانن: زۆر سوپاس بۆ تۆ ئومێد بۆ ئەم چاوپێکەوتنە.

ئومێد:  تۆ بەرپرسی كاروباری پەروەردە و كەلتور و رۆژنامەوانیت لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد، جا زۆر شت ھەیە كە دەكرێت گفتوگۆی لە بارەوە بكەین، پرسیاری یەكەم ئەمەیە كە ئەو بەرنامە و پرۆژانە چین كە ئێوە ھەتانە بۆ خەڵكی عێراق و كوردستان؟

كانن: بێگومان، ئێمە زۆر ئیلتیزامات و پابەندبوونمان ھەیە لە بوارەكانی پەروەردە و كەلتوردا كە ئەو پرۆژانە لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و عێراق و  ھەرێمی  كوردستاندا جێبەجێدەكرێن، ئەو كارانە یەكێكن لە گەورەترین پرۆگرامەكانمان لە جیھان، تەنیا لە ماوەی ساڵی رابردوودا زیاتر لە 500 كەس لە عێراقەوە بەشدارییان لە پرۆگرامی جۆراجۆردا كردووە، كە ئەوانە ئێستا لە ئەمریكان و پێموابێ لەو ژمارەیە زیاتر لە 100 كەسیان خەڵكی ھەرێمی كوردستانن، یەكێك لەو پرۆگرامانە فووڵ برایتەوە، كە یەكێكە لە بەرنامە پەروەردەییە زۆر باشەكان و لە لایەن ئەمریكاوە پشتیوانی لێدەكرێت، لە ناو خۆی عێرقیشدا كار دەكەین لەسەر ناردنی مامۆستایانی زانكۆ بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ماوەی دوو ساڵ ماستەر دەخوێنن و دەگەڕێنەوە بۆ زانكۆكانیان لێرە لە عێراق.

بەرنامەیەكی دیكەمان ھەیە ئەوەیش كە بەرنامەیەكی زۆر سەركەوتووە لە نێوان ئەمریكا و عێراقدا، لەو بەرنامەیەدا سەدان قوتابی لە عێراقەوە لە ماوەی پشووی ھاوینەدا نێردراون بۆ ئەمریكا و لەوێ بەشدارییان كردووە لە خولی سەركردایەتیدا، ھەروەھا بەرنامەی تایبەتمان ھەیە بۆ ئەو مامۆستایانەی كە وانەی ئینگلیزی دەڵێنەوە، لە زانكۆكانی كوردستان و عێراقەوە دەتوانن بچنە ئەمریكا و لەوێ لە خولی ھاوینەدا بەشدار بن، لە بواری ئەدەبیاتی ئینگلیزیدا، ھەروەھا ھەوڵەكانمان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی عێراقییەكان دەستیان بگات بە سەرچاوە زانستییەكان، توێژینەوە بكەن و ھەروەھا بچن لە ئەمریكا بخوێنن، ساڵی رابردوو 2000 قوتابی عێراق لە ئەمریكا ھەبوون، که نزیكەی 10%  رێژەی چوونی قوتابیان زیاتربووە لە ساڵەكانی پێشوو، ھەروەھا كونسوڵخانەكەمان لە ھەولێر خزمەتگوزاری پێشكەشكردنی زانیاری ھەیە بۆ ئاسانكاری كردن، وەك پێدانی زانیاری لە بواری خوێندن، لە رێگای جیا جیاوە، وە بە شێوەی ئۆنلاینیش چالاكییان ھەیە، لە سەر وێبسایتی كونسوڵخانەش زۆر زانیاری تێدایە، بۆ ئەو كەسانەی كە خوازیارن لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بخوێنن. ھەنگاو بە ھەنگاو لە گەڵ ئەو كەسانە دەبین كە دێنە ناو پرۆسەكەوە.

ئومێد: باشە، ئامانجی باڵیۆزخانەی ئەمریكا چیە لە ئەنجامدانی ئەم چالاكییانە لە عێراق و ھەرێمی كوردستان؟

كانن: پێم وایە ئەوە كارێكە ئێمە لە سەرانسەری جیھاندا دەیكەین بۆ ئەوەی پەیوەندی لە نێوان تاكەكاندا دروست بكەین، ھەروەك چۆن کاری دیپلوماسی تەنیا چالاکی و پەیوەندی نێوان حکومەتەکان ودیپلوماتکاران نییە، بەڵکو بە ھەمان شێوە پەیوەندی بەستنی نێوان زانكۆكانیشە. هەروەها پەیوەندی بەستنە لە بوارەکانی بازرگانی و رۆژنامەوانی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و گرووپە ئاینییەكان و ھەروەھا ئەو رێكخراوانە  نوێنەرایەتی ھەموو پێكھاتە و كۆمەڵگاكانیان دەكەن، جا زۆر جار كە لە رووی سیاسییەوە كێشە دروست دەبێت پێم وایە ئەوە ھۆكاری ئابووریشی ھەیە، پەیوەندی باشی نێوان تاكەكان وا دەكات كە كێشەكان بەرەو چارەسەر بچن، كاری سەرەكی ئێمەش بەهێزکردنی  دۆستایەتییەیە لە گەڵ عێراق و كوردستان.

ئومێد: باشە، ئەو مەرجانە چین كە بۆ خەڵك دانراون بۆ ئەوەی بتوانن دەرفەت وەربگرن و بەشداری لە بەرنامەكانتاندا بكەن؟

كانن: لەبەر ئەوەی كە زۆر بەرنامەی جیاوازمان ھەیە و ھەر بەرنامەیە و مەرجی تایبەتی خۆی ھەیە، باشترین شتێك كە من بتوانم پێشنیازی بكەم ئەوەیە كە خەڵك بچن سەردانی وێبسایتی كونسوڵخانە و ھەروەھا فەیسبووكی كونسوڵخانە بكەن، لەوێ زۆر زانیاری باشی تێدایە، وە لەو دوو رێگایەوە بە بەردەوامی زانیاری نوێ بڵاو دەكرێتەوە لە بارەی بەرنامەكانمانەوە، چۆنیەتی پێشكەش كردن و كات و شوێنی وەرگرتن.

ئومێد: تۆ ھیچ ژمارەیەك یان رێژەیەكت لایە لە بارەی ئەو قوتابیە كوردانەی یان ئەو قوتابیە عێراقییانەی كە ئێستا لە ئەمریكا دەخوێنن؟

كانن: بەڵێ ئێمە دەزانین كە لە ئێستادا نزیكەی 2000 قوتابی عێراقی لە زانكۆكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەخوێنن، تا ئێستا بە گوێرەی ھەرێم جیامان نەكردوونەتەوە بەڵام لە راستیدا دەتوانم بڵێم سەدان قوتابی كوردیش لە ناو ئەو قوتابییانەدان كە ئێستا لە ئەمریكان.

ئومێد: باشە، كێ سپۆنسەری ئەو بەرنامانە دەكات، وە ئێوە چیی بۆ ئەو كەسانە دەكەن؟

كانن: باشە ، بەشێك لە قوتابییەكان بە بەرنامەی سكۆڵەرشیپ وەرگیراون، ئەوەیش زۆر جۆری ھەیە، ھەندێك جار حكومەتی ئەمریكا و ھەندێك جار زانكۆكان لە لایەن خۆیانەوە ھەموو پێداویستییە داراییەكانی ئەو قوتابیانە دەگرنە ئەستۆ، ھەروەھا بەشێك لە قوتابییانیش لە سەر بودجەی خۆیان و خێزانەكانیان دەخوێنن، ئێمەش لای خۆمانەوە دەتوانین ھاوكاری قوتابیان بكەین بەو زانیارییانەی كە لە رێگای كونسوڵخانەوە پێشكەش دەكرێت، كە ھاوكاری قوتابییان دەكات بۆ دۆزینەوەی زانكۆ و رێكخستنی دەرفەتی خوێندن و  ئاسانكاری بۆ پێشكەش كردن لە زانكۆكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.

ئومێد:  وە لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ ھاتووەتە سەر دەسەڵات، دانیشتوانی حەوت وڵات لە رۆژھەڵاتی ناوەراست زۆر بە زەحمەت ڤیزایان بەدەست دەكەوێت ،ئەمە ھیچ كاریگەرییەكی ھەیە لە سەر پێدانی ڤیزا بە قوتابیان؟

كانن: ئێمە هەستمان نەکردووە كە كاریگەرییەكی گەورەی ھەبووبێت لە عێراق، زۆر راستگۆ بم لە گەڵت، پێدانی ڤیزا لە عێراق بەردەوام لە ژێر پێداچوونەوەدا بووە و بینیومانە كە گۆرانكارییەكی بەرچاو بەدیدەكرێت لەوەی خەڵكێك نەتوانن ڤیزا وەربگرن یان ماوەیەكی زۆر چاوەڕێی ڤیزا بكەن.

ئومێد: باشە، ئایا ئێوە ھیچ پەیوەندییەكتان لە گەڵ بەشی ڤیزا ھەیە، بۆ ئەوەی كارەكە بۆ قوتابیان ئاسانتر بكەن؟

ئەگەر كێشەیەك ھەبوو

كانن: نا ، بە دیاریكراوی شتی وامان نییە، بەڵام ئێمە ھاوكاری قوتابییەكان دەكەین بۆ ئەوەی كاروبارەكانیان بە جوانی راپەڕێنن و فایلەكانیان بە تەواوی ئامادە بێت، بۆئەوەی پرۆسەكە بە سەركەوتوویی و بەخێرایی بە رێوە بچێت.

ئومێد: ئێوە ھیچ ھەماھەنگیەكتان ھەیە لە گەڵ زانكۆكان ، یان لە گەڵ وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا؟

كانن: لێرە لە عێراق؟

ئومێد: لە كوردستان، لە عێراق؟

كانن: لە عێراق، كارمان لە سەر  پرۆژەی جۆراوجۆر كردووە لە گەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، یەكێك لە بەرنامەكان بریتیە لە ئامادەكردنی قوتابیانی دكتۆرا بۆ ئەوەی بە سەركەوتوویی بتوانن لە ئەمریكا دەست بە خوێندن بكەن، بۆ نموونە دڵنیابین لەوەی توانستی زمانی ئینگلیزیان لە ئاستی پێویستدایە بۆ ئەوەی لە ئەمریكا دەست بە خوێندن بكەن، دەمێکە پەیوندیی ھەیە لە نێوان زانكۆكانی ئەمریكا و زانكۆكانی عێراق، بۆ بەرەوپێشبردنی بەرنامەكانی تایبەت بە خوێندن و بەدەستھێنانی بڕوانامە، ھەروەھا كارمان كردووە بۆ ھاوكاریكردنی زانكۆكان دوای ئەوەی لە زۆر شوێن داعش زیانی زۆری پێ گەیاندن، ھەروەھا كار دەكەین لە گەڵ زانكۆكانی باشوور بۆ پەرەپێدانی بەرنامەکانی خوێندن بە تایبەت لە بواری ئەندازیاری نەوت، بۆ ئەوەی لەو بوارەدا كەسی پسپۆر دروست بن و دواتر لە كۆمپانیاكانی بواری نەوت دەرفەتی كاریان دەستبكەوێت.

ئومێد: بەڕێز كین كانن، من دڵنیام لەوەی كە لە ئێستادا زۆر قوتابی و مامۆستا ھەن كە زۆر حەز دەكەن لە ئەمریكا بخوێنن، جا پەیامی كۆتایی تۆ چییە بۆ خەڵكی كوردستان و قوتابیان و مامۆستایان بە گشتی؟

كانن: باشە، ئێمە بەپێی توانا پێشوازی لە قوتابیان و مامۆستایان دەكەین  بۆ ئەوەی سوود لە پرۆگرامەكانی ئێمە وەربگرن، ئێمە بەرنامەی جیاوازمان ھەیە، كە دەرفەتی زۆریان تێدایە، ھیوادارین كە ببێتە باشترین دەرفەت بۆیان و پرۆگرامەكانمان جێگەی رەزامەندی ھەمووان بێت.

ئومێد: بەڕێز جۆن كینكانن، بەرپرسی كاروباری پەروەردە و كەلتور و راگەیاندن لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد زۆر سوپاس كە لەگەڵمان بووی.

كانن: زۆر سوپاس بۆ تۆ ئومێد

ئومێد: زۆر سوپاس.