ناكۆكییه‌كانی ناو ئیداره‌كه‌ی تره‌مپ په‌ره‌ده‌سێنێ
به‌هۆی ناكۆكییه‌كانه‌وه نه‌یانتوانیوه له‌سه‌ر لێدانی گورزی سه‌ربازی له ئێران ساغببنه‌وه

K24 - هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی راپۆرتی رۆژنامه‌یه‌كی كوه‌یتی كه پشتی به زانیاریی ناوه‌ندی سیاسی ئاگادار به‌ستووه‌و ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه بڵاوكراوه‌ته‌وه، ناكۆكییه‌كانی ناو ئیداره‌ی ئه‌مریكا له‌باره‌ی كرده‌ی سه‌ربازی دژی ئێران په‌ره‌یسه‌ندووه‌وله نێوان ریكس تیلرسن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و جیمس ماتیس، وه‌زیری به‌رگری ئه‌و وڵاته‌دا ناكۆكی هه‌یه.
رۆژنامه‌ی "الجريدة"ـی كوه‌یتی بڵاویكردووه‌ته‌وه، ناوه‌نده سیاسییه ئاگاداره‌كان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، ئیداره‌ی ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی چاره‌سه‌ركردنی دۆسێی ئێران به‌ته‌واوی كۆكنین، ئه‌و جیاوازیانه‌ش له‌م هه‌فتانه‌ی دواییدا له بۆچوونی به‌رپرسانی ئه‌مریكادا ده‌ركه‌وت، به‌رامبه‌ر ئه‌و بارودۆخانه‌ی له عێراق و لوبنان و سووریا و سعوودیه و یه‌مه‌ن رووده‌ده‌ن و به ئاشكرا دیار بوو كه یه‌كهه‌ڵوێست نین".
ئه‌و ناوه‌نده سیاسیانه ده‌ڵێن: "ئیتر ئه‌و ناكۆكیانه له نێوان به‌ڕێوه‌به‌رانی به‌شی رۆژئاوای كۆشكی سپی، له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و به‌رگریی به‌نهێنی نه‌ماونه‌ته‌وه، چونكه به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌وه، جه‌یرد كۆشنێر، زاوای دۆناڵد تره‌مپ، خاوه‌ن بۆچوونی زیاتر گرژكردنی ره‌وشه‌كه‌یه و هه‌وڵ ده‌دات له لوبنان و سعوودیه و یه‌مه‌ن جێبه‌جێیان بكات.
له به‌رامبه‌ردا، هێربه‌رت مه‌كماسته‌ر، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا و جۆن كیلی، گه‌وره فه‌رمانبه‌ری كۆشكی سپی، كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، بارودۆخێكی زۆر گونجاو و پێگه‌یشتوو بڕه‌خسێنن و كارێكی ته‌واو به‌رامبه‌ر ئێران بكه‌ن".
ئه‌و ناوه‌نده سیاسییه روونیكردووه‌ته‌وه كه "جیمس ماتیس، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا، له‌گه‌ڵ راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا كۆكه و هه‌ڵوێسته نه‌یارییه‌كانی به‌رامبه‌ر مۆسكۆ و چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دونیابینیان بۆ ئاینده‌ی سووریا، زیاتر زه‌قبووه‌ته‌وه. چونكه ئه‌وان سه‌ره‌ڕای ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی ئه‌و هێزانه به‌ده‌ستیانهێناوه كه واشنتن پاڵپشتیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ده‌یانه‌وێت بۆچوونه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری بسه‌پێنن كه ده‌یه‌وێت به جدی ئه‌و ھێڵه ببڕن كه تاران وه‌ك هێڵێكی ستراتیژی بۆ پێكه‌وه گرێدانی به‌غدا و دیمه‌شق و به‌یروت ده‌یه‌وێت درووستی بكات".
به‌گویره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌و ناوه‌ندانه، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا په‌له‌یه‌تی له بڕینی ئه‌و رێگه‌یه و خوڵقاندنی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خێرا له‌گه‌ڵ تاران، به‌تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی حوسییه‌كان مووشه‌كیان ئاراسته‌ی ریازی پایته‌ختی سعوودیه كرد و سه‌عد حه‌ریری، سه‌رۆكوه‌زیرانی لوبنان، به‌هۆی هه‌ڕه‌شه و ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێران ده‌ستی له كاركێشایه‌وه، وه‌زیری به‌رگریی ئاماده‌كاریی سه‌ربازی بۆ كرده‌یه‌كی سه‌ربازی كردبوو".