فوئاد مهعسووم بهرامبهر پێشێلكارییه دهستوورییهكانی عێراق بێههڵوێسته
دهستكهوته دهستوورییهكهی كورد چ خێرێكی بۆ نهتهوهكهی ههبووه؟
K24 - ههولێر:
چاودێرانی سیاسی ھەوڵەكانی فوئاد مەعسوم بۆ نێوەندگیری نێوان ھەولێر و بەغدا بە درەنگ وەخت ناودەبەن و دەڵێن پۆستی سەرۆك كۆمار كە بەشێكە لە مافە دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستان نەتواندراوە وەك پێویست سوودی لێ ببیندرێت.
بە بڕوای چاودێرانی سیاسی دەتواندرا سەرۆك كۆماری عێراق رۆڵێكی كارا و كاریگەری ھەبووایە بۆ كەمكردنەوەی تەوژمی ھەڕەشە توندەكانی عێراق بۆ سەر ھەرێمی كوردستان.
سەرۆك كۆماری عێراق فوئاد مەعسووم, داوا دەكات كێشەكانی نێوان ھەردوو حكوومەتی ھەولێر و بەغدا كۆتایی پێبھێنرێت بۆ ئەوەی دیالۆگێكی بنیاتنەرانە دەست پێبكەن.
ئەم داوایەی فوئاد مەعسووم، لە بەیاننامەیەكی رۆژنامەوانیدا بڵاوكرایەوە لە دواى دیدارێكی ئەو لەگەڵ باڵێۆزی ئەمریكا لە عێراق دۆگلاس سيلیمان.
داواكەی سەرۆك كۆمار، دواى بێدەنگییەكی درێژ، ھەر زوو بووە جێی سەرنجی چاودێران و لە سۆشیاڵ میدیادا كاردانەوەی جۆراوجۆر و رەخنەی زۆری خستەوە كە زۆربەیان پێیان وایە ھەڵوێستەكەی سەرۆك كۆمار, بەو پێیەی كوردە و پۆستەكەش بەشێكە لە دەسكەوت و مافە دەستورییەكانی گەلی كوردستان، درەنگ وەختە و دەبوو زووتر لە ئێستە ھەڵوێستی كاریگەرتر و خێراتری ھەبووایە، بەتایبەت مانگێك زیاتر بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و ھێرشی سوپای عێراق و مێلیشیاكانی حەشدی شەعبی و ئەنجامدانی جینۆسایدكردنی كوردانی خورماتوو كەركوكدا تێپەڕبووە و زیاتر لە 100 ھەزار لە كوردستانیانی ئەو ناوچانە ئاوارە بوون.
بێدەنگی فوئاد مەعسووم لە رووداوەكانی خورماتوو و كەركووك، لە سەر ئاستی سیاسی عێراقیشدا كاریگەری خراپی خستەوە و دەبوو لەو قۆناغە ھەستیارەی ھەرێمی كوردستان و عێراقدا، سەرۆك كۆمار رۆڵێكی چالاك و كاریگەرانەی ھەبووایە و ھەرزوو بیتوانیبا تەوژمی ئەوھەڕەشە توندانەی بەغدا لەسەر ھەرێمی كوردستان كەم بكردایەتەوە، بەڵام زۆربەی جاران پاساوی فوئاد مهعسووم، بریتی بووە لەوەی كە ئەو سەرۆك كۆمار ھەموو عێراقییەكانە و سوێندی یاسایی خواردووە كە پارێزەری دەستوور بێت، ئەوەش لەكاتێكدا كە لەماوەی سەرۆكایەتی ئەودا و پێشتریش دەیان جار ئەو دەستوورە لە دژی ھەرێمی كوردستان پێشێل كراوە، بەڵام ئەو تەنیا بێدەنگی ھەڵبژاردووە. لەكاتێكدا لە مادەی (67)ی دەستووردا ھاتووە، ئەركێكی سەرۆك كۆمار بۆ دەستەبەركردنی پابەندبوون بە دەستوور، ئەوەیە كە ھەمیشە چاوكراوە و ئێشكگربێت.
تا كار گەیشتە ئەوەی حكوومەتی بەغدا ترسناكترین پێشێلكاری دەستووری ئەنجام بدات ئەویش بەكارھێنانی ھێزە سەربازیی و میلیشیاییەكانی عێراقە لە دژی دەسكەوتە دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستانی عێراق، كە كار گەیشتۆتە ئەوەی زۆر لە چاودێران بە ھەڕەشەیەكی جددی بۆ سەر مانەوەی قەوارە دەستوورییەكەی ھەرێمی كوردستان و دەسكەوتەكانی دەزانن، ئێستاش پاش بەرگری پێشمەرگە و دەركەوتنی ھەڵوێست و سیاسەتی دروستی ھەرێمی كوردستانی عێراق و ناچاربوونی بەغدا بۆ ملدان بۆ گفتوگۆو پووچ بوونەوەی ھەڕەشەو گوڕەشەكانی بەغدا، دەنگ ھەڵبڕینە درەنگ وەختەكەی فوئاد مەعسوومی سەرۆك كۆمارى عێراق، زیاد لە ھەر شتێكی دیكە، رەخنەو لۆمەكردن و گلەییەكی كوردانەی لێكەوتەوە، نەك وەك ھەنگاوێكی بنیاتنەرانە ببینرێت.