هۆمه‌ر دزه‌یی په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی خۆی له‌گه‌ڵ مارگرێت ئاشكرا ده‌كات
نامه‌ی دهستنووسیشیان ئاڵوگۆڕكردووه
K24 - هه‌ولێر:
هونه‌رمه‌ندی ناسراوی كورد، هۆمه‌ر دزه‌یی، په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی خۆی له‌گه‌ڵ كچه پێشمه‌رگه‌ی ناسراوی كوردستان، مارگرێت جۆرج ئاشكرا ده‌كات.
هۆمه‌ر دزه‌یی، له گۆشه‌ی خۆیدا، له هه‌فته‌نامه‌ی باس، كه بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆ ده‌گێڕێته‌وه، له‌م هه‌فته‌یه‌دا، په‌رده‌ی له‌سه‌ر نهێنی په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ كچه پێشمه‌رگه‌ی ناسراوی كوردستان له شه‌سته‌كاندا، مارگرێت جۆرج لاداوه.

مارگرێت جۆرج، كچێكی ئاشووری بوو، له شۆڕشی ئه‌یلوولدا یه‌كێك له پێشمه‌رگه ناسراوه‌كانی كوردستان بوو و له‌لایه‌ن چه‌ند فۆتۆگرافه‌رێكی بیانییه‌وه، كه بۆ دۆكیومێنتكردن رووداوه‌كانی سه‌رده‌می شۆڕشی ئهیلوول له كوردستان بوون، وێنه‌كانی گیراون، یه‌كێك له وێنه‌كانیشی ئه‌وكات له زۆرێك له ماڵه‌كانی كوردستان هه‌ڵواسرابوو.

دزه‌یی باسی ئه‌وه ده‌كات، كه په‌یوه‌ندییه‌كی پلاتۆنی "ئه‌فلاتۆنی" له‌گه‌ڵ مارگرێتدا هه‌بووه و له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "مارگرێت كچێكی تا بڵێی جوان و رووخۆش و هه‌میشه ده‌م به پێكه‌نین بوو. جلی پێشمه‌رگایه‌تی زۆر لێده‌وه‌شایه‌وه. كه جاروبار ده‌رفه‌تمان ده‌دی دوو قسه‌ی نێوان خۆمان بكه‌ین، كه زۆر كه‌میش رێكده‌كه‌وت، بیرمان له هاوسه‌رگیری ده‌كرده‌وه. پێشتر دامنابوو له‌و ماوه‌یه‌ی وتووێژی شۆڕش له‌گه‌ڵ به‌غدا، هه‌وڵبده‌م بگه‌ڕێمه‌وه پاریس. مارگرێت سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌وێ، واتا رانیه، ماره‌یی ببڕین و بگه‌ڕێینه‌وه پاریس، به‌ڵام من بیرۆكه‌كه‌یم پێ باش نه‌بوو پێمده‌گوت، ئاخر مارگرێت ئێمه جارێ نازانین وتووێژ له‌گه‌ڵ به‌غدا به كوێ ده‌گات، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ خۆشمدا بتبه‌مه پاریس، ناتوانم خۆم بژیه‌نم، جا ژنیشم لهگهڵابێت، به‌ڵام دیار بوو ئه‌و دڵی خه‌به‌ری ده‌دایێ، كه ئه‌گه‌ر پێكه‌وه نه‌ڕۆین، جارێكی تر چاومان به یه‌كدی ناكه‌وێته‌وه، دڵی له‌گه‌ڵیا راستگۆ بووه".

دزه‌یی له‌و گۆشه هه‌فتانه‌یی خۆیدا، چه‌ند نامه‌یه‌كی مارگرێتیشی له‌گه‌ڵ نووسینه‌كه‌ی، بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه به عه‌ره‌بییه‌كی تێكشكاو نووسراون، چونكه ئه‌و كات خوێندن به زمانی كوردی له ته‌واوی ناوچه‌كانی كوردستان نه‌بووه.