خه‌زعه‌لی: به‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی ئالسعوود و ئیسرائیل و ئه‌مریكادا سه‌ركه‌وتین
ئه‌مینداری گشتی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق: داعش كه‌ره‌سته‌یه‌كی سه‌ربازی بووه بۆ چه‌ندین پرۆژه‌ی ناوخۆیی و هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی

K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مینداری گشتی عه‌سایبی ئه‌هلی حه‌ق، سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا، به سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی پاشایه‌تی سعوودیه و ئیسرائیل و ئه‌مریكا ده‌زانێت.
قه‌یس خه‌زعه‌لی، ئه‌مینداری گشتی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق، رایگه‌یاند: "داعش كه‌ره‌سته‌یه‌كی سه‌ربازی بووه بۆ چه‌ندین پرۆژه‌ی ناوخۆیی و هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی، كاتێك ئێمه به‌سه‌ر داعشدا سه‌ركه‌وتووین، واتای ئه‌وه‌یه ئێمه به‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی ئالسعوود و ئیسرائیل و ئه‌مریكادا سه‌ركه‌وتووین".
خه‌زعه‌لی و میلیشیا چه‌كداره‌كه‌ی "عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق" كه به به‌شێك له میلیشیا شیعه‌كانی سه‌ر به ئێران ناسراوون و هه‌ر له تارانی پایته‌ختی ئێران و له كۆنگره‌یه‌كی تایبه‌ت به "خوشویستنی ئالوبه‌یت و ته‌كفیرییه‌كان" گوتوویه‌تی: "ململانێی حه‌ق و ناحه‌ق له نێوان ئه‌وانه‌دایه كه ئالوبه‌یتیان خۆشده‌وێت له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی رقیان لێیانه".
خه‌زعه‌لی و هێزه‌كه‌ی نه‌یاری سه‌رسه‌ختی ئه‌مریكان و عه‌سائیب یه‌كێك له‌و میلیشیا شیعانه‌یه كه زۆری نه‌ماوه بكه‌وێته به‌ر بڕیاری گه‌مارۆ و به تیرۆریست ناوبردنی له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه، به‌ڵام ئه‌مینداری گشتی ئه‌و گرووپه به ئاشكرا له ساڵانی رابردوودا دژایه‌تی خۆی بۆ بوونی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق ده‌ربریووه‌و تا ئێستا ئه‌وه‌ی به پێوه چووه‌ته سه‌ر ئاڵای ئه‌مریكا، له ماوه‌كانی رابردووش‌دا، له‌وكاته‌ی ریكس تیلرسن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا داوایكرد میلیشیا شیعه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی دوای جه‌نگی داعش بگه‌ڕێنه‌وه وڵاته‌كه‌ی خۆیان (ئێران)، خه‌زعه‌لی له رێگه‌ی تویته‌ره‌وه وه‌ڵامی تیلرسنی دایه‌وه‌و داوایكرد به‌په‌له و خێرایی دوای جه‌نگی داعش هێزه‌كانت له عێراق ببه ده‌ره‌وه.
هه‌ر بۆیه له‌و قسانه‌یدا، داعشی به كه‌ره‌سته‌یه‌كی ده‌ست سعوودیه و ئیسرائیل و ئه‌مریكا ناوبردووه‌و رایگه‌یاندووه: "ئامانجی داعش درووستكردنی ململانێیه‌كی تائیفی قووڵ بوو، به‌ڵام جادووه‌كه به‌سه‌ر جادووگه‌ره‌كه‌دا قڵپ بوویه‌وه".