مەحمود سەنگاوی: سەركردەكانی یەكێتی بەرامبەر خەڵكی خورماتوو بێباكن

"ھەندێك كەس لەناو یەكێتی دەیانەوێت لە كۆنگرەی داھاتوو دزەكانی نەوت بكەنەوە سەركردە"

K24 - ھەولێر

مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رەخنە لە سەركردەكانی حزبەكەی دەگرێت، كە تا ئێستا خەڵكی خورماتووەوە نەچوونە رایدەگەیەنێت، سەركردەكانی یەكێتی بێباكن بەرامبەر بە خەڵكی خورماتوو تا ئێستا ھیچ سەركردەیەكی یەكێتی لە ژیان و گوزەرانی خەڵكی ئاوارەی ئەو ناوچەیەی نەكۆڵیتەوە.

مەحمود سەنگاوی لە وتارێكیدا لە كۆنفرانسی پێشمەرگە دێرینەكان لە ھەڵەبجە رایگەیاند: "لە شاری خورماتوو ئەو ھەموو خەڵكە ئاوارە و سەركردان بوون، تا ئێستا سەركردەیەكی یەكێتی نەچووە پێیان بڵێ ئێوە تێكۆشەر و دۆستی ئێمە بوون لەسەر ئێمە واتان لێھاتوو".

گوتیشی: "ئەو سەركردانەی یەكێتی ھەر لە خەمی ئەوەدان ببن بە ئەندامی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی، نەك ئەو كەسانە بكەن كە كوڕیان شەھیدبووە و ماڵیان كاول بووە دڵنەواییان بكەن، بۆیە گلەیی لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی دەكەم".

لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا مەحمود سەنگاوی تیشك دەخاتەسەر بارودۆخی ناوخۆی حزبەكەی و دەڵێت: "ھەندێك برادەر دەڵێن كۆنگرە دەكەین و لەماوەی مانگێكدا دۆخی یەكێتی چاك دەكەینەوە، زیاتر لە چوار ساڵە ئێمە دەمانەوێت ئەو حزبە تێكبدەین، چۆن بە ماوەی مانگێك چاك دەبێتەوە؟، ئێمە دەموچاوێكی رزیوین ناتوانین سەركردایەتی ئەم حزبە گەورە بكەین".

گوتیشی: "ئەوانەی دەڵێن دەبێ لەماوەی مانگێكدا كۆنگرە ببەسترێت، بۆ ئەوەیانە دەموچاوە رزیوەكان بێننەوە، دزەكانی نەوت بێننەوە و بیان كەن بە سەركردایەتی یەكێتی، بۆ ئەوەی لە جیاتی چاویان لە پێشمەرگە و رێكخستنە دێرینەكان و بنەماڵەی شەھیدان بێت، ھەربچن پارە بدزن و بیخەنە گیرفانی خۆیان".

ئەوەش دەخاتەروو: "ئەگەر ئێمە بچینەوە مەكتەبی سیاسی ھەمان كارەسات بەسەر یەكێتییدا دێتەوە، خەڵكمان ھەیە 40 ساڵە ئەندامی مەكتەبی سیاسییە، ئایا دەبێ ھەر ئێمە مەكتەب سیاسی بین تا رۆژی قیامەت؟".