فەرماندەی سوپای پاسداران: داعش ھەژموونی ئێرانی لە عێراق و سووریا فراوانكرد

چەندین گرووپی دروستکردووە لەنێویاندا حەشدی شەعبی

K24 - ھەولێر

فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیەنێت، داعش بووەتە هۆی فراوانبوونی هەژموونی وڵاتەکەی لە عێراق و سووریا.

محەمەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەسەرەتای فراوانبوونی دەسەڵاتی داعش لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، چەند ئاراستەیەك هەبوون و لە بەرژوەندی ئێران نەبووە کۆتایی بەو رێکخراوە بهێنێت.

فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران گوتیشی، دواتر وڵاتەکەی بە بیانووی رووبەرووبوونەوەی داعش یارمەتی گرووپە چەکدارییەکانی لە عێراق و سووریا داوە و بەو هۆیەشەوە هەژموونی خۆی بەهۆی شەڕی داعش لەو دوو وڵاتە فراوان کردووە.

ئێران لە شەڕی دژی داعش لە هەریەك لە عێراق و سووریا پاڵپشتی گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە وڵاتەکەی کردووە و چەندین گرووپیشی دروستکردووە لەنێویاندا چەکدارانی حەشدی شەعبی لە عێراق.