ھەسەدە: تەلال سلۆ لە ژێر فشاری توركیا لێدوانی دژی ئێمەداوە
"گوتەكانی دوورن لە راستیەوە"
K24 - ھەولێر
ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) رایدەگەیەنێت، تەلال سلۆ لە ژێر فشاری توركیا لێدوانی دژی ھەسەدە داوە و لێدوانەكانیش دوورن لە راستیەوە.
لە راگەیاندراوێكدا ھەسەدە وەڵامی لێدوانەكانی تەلال سلۆ، گوتەبێژی پێشووی ھێزەكانی سووریای دیموكراتی دایەوە و رایگەیاند، توركیا و ئاژانسی ئەنادۆلو، دژایەتی ئەوان دەكەن و دەیانەوێ ھەسەدە لەبەرچاوی خەڵكی بخەن و ناشرینی بكەن، ئامانجی سەرەكیشیان كوردە.
بە گوێرەی ھەسەدە، توركیا فشاری لە تەلال سلۆ كردووە بۆ ئەوەی ئەو لێدوانانە بدات و دژای ھەسەدە قسە بكات.
ھەسەدە راشیگەیاند، بەرلەوەی سلۆ بچێتە توركیا، لە ژێر فشاری ئەو وڵاتە دەستی لەكاركێشابووەوە، لەبەر ئەوەش لێدوانەكانی بە فشاری ئەو وڵاتە داون.
چەند رۆژێك لەمەوبەر ئاژانسی ئەنادۆلو، چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ تالال سلۆ، گوتەبێژی ھەڵاتووی ھەسەدە بڵاوكردوە، تێیدا چەند نھێنیەكی تایبەت بە ھەسەدە و پەكەكە و پەیەدەی دركاندووە، بەڵام ھەسەدە گوتەكانی رەتدەكاتەوە.