ته‌مه‌نی یه‌كه‌م نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی دڵ بوو به50 ساڵ و بۆ له‌مه‌ودوا پێشنیازی چاندنی دڵی ده‌ستكرد ده‌كرێت
له‌ئێستادا پێویسته مرۆڤ ده‌ستبه‌رداری ئه‌و جۆره نه‌شته‌رگه‌ریانه بێت و گرنگه هه‌نگاو به‌ره‌و چاندنی دڵی ده‌ستكرد بنرێت
K24- هه‌ولێر:
پزیشكی توێكاری به‌ریتانی "ستیڤن فیسبی" ده‌ڵێت، له‌وانه‌یه مرۆڤ بتوانێت دوای 10 ساڵ له نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی دڵ بژیت، كه له‌ڕێگه‌ی خۆبه‌خشانه‌وه ده‌ستیان ده‌كه‌وێت.
فیسبی گوتیشی، ئه‌مساڵ جیهان یادی 50 ساڵه‌ی یه‌كه‌م نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی دڵ ده‌كاته‌وه، كه له‌لایه‌ن پزیشكی پسپۆری دڵ "كریستیان بێرنارد"ـه‌وه له باشووری ئه‌فریقیا ئه‌نجامدرابوو. به‌ڵام له‌ئێستادا پێویسته مرۆڤ ده‌ستبه‌رداری ئه‌و جۆره نه‌شته‌رگه‌ریانه بێت و گرنگه هه‌نگاو به‌ره‌و چاندنی دڵی ده‌ستكرد ببات.
ئه‌و پزیشكه توێكاره‌ی به‌ریتانی له‌و باوه‌ڕه‌دایه، بیرۆكه‌ی چاندنی دڵی ده‌ستكرد ژماره‌یه‌كی زیاتری مرۆڤ لێی سوودمه‌ند ده‌بن، چونكه زۆربه‌ی مرۆڤه‌كان گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن به‌رله‌وه‌ی كه‌سێكی خۆبه‌خشیان ده‌ستكه‌وێت كه دڵه‌كه‌ی پێ ببه‌خشێت. هه‌روه‌ها فیسبی گوتی، له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریه سه‌ركه‌وتووه و ده‌كرێت كه‌سێك بۆماوه‌یه‌كی درێژ به دڵی كه‌سێكی دیكه بژیت، به‌ڵام ئه‌و جۆره نه‌شته‌رگه‌ریه سنوورداره و به‌شێكی كه‌می نه‌خۆشه‌كان سوودی لێ وه‌رده‌گرن.
ئه‌و پزیشكه جه‌ختی كرده‌وه، پێویسته بۆله‌مه‌ودوا هه‌وڵ بدرێت دڵی ده‌ستكرد شوێنی دڵی به‌خشراو بگرێته‌وه، بۆئه‌وه‌ی زۆرترین نه‌خۆش لێی سوودمه‌ند بن.
به‌گوێره‌ی ئامارێكی وڵاتی به‌ریتانیا، زیاتر له 15 هه‌زار هاووڵاتی ئه‌و وڵاته له‌خوار ته‌مه‌نی 65 ساڵی پێویستیان به دڵێكی نوێ هه‌یه، به‌ڵام له هه‌ر 150 كه‌س له‌وانه ساڵانه ته‌نها 1 دڵیان به‌رده‌كه‌وێت، ئه‌ویش به‌هۆی كه‌می ژماره‌ی خۆبه‌خشه‌كان، واتا له 150 كه‌س ته‌نیا كه‌سێك سوود له دڵی خۆبه‌خشه‌كان وه‌رده‌گرێت. هه‌ر له‌و ئاماره‌دا ئه‌وه‌ش ده‌ركه‌وتووه، له‌ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوودا ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی پێویستیان به نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی دڵ هه‌یه، به‌ڕێژه‌ی 162% زیادی كردووه.
"ستیڤن فیسبی" جه‌خت ده‌كاته‌وه، پێویسته تا ماوه‌ی 10 ساڵی داهاتوو ته‌كنه‌لۆژیای پزیشكی گرنگیه‌كی زیاتر به‌بواری چاندنی دڵی ده‌ستكرد بدات، بۆئه‌وه‌ی پزیشكان ناچار نه‌بن له‌ناو كۆمه‌ڵه كه‌سێك ته‌نیا یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرن كه دڵێكی پێ ببه‌خشتن، چونكه ژیان به‌لای هه‌موو مرۆڤه‌كانه‌وه وه‌ك یه‌ك گرنگه.