حكومەتی ئەلیكترۆنی لە ھەرێمی كوردستان راگەیەندرا
كەریم شنگالی: حكومەتی ئەلیكترۆنی كارەكان خێرا دەكات و تێچوو كەم دەكاتەوە
K24 - ھەولێر
لە رێورەسمێكدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و پەرلەمانتاران و شاندێكی وڵاتی ئازربایجان، ئەمڕۆ پڕۆژەی حكومەتی ئەلیكترۆنی لە ھەرێمی كوردستان راگەیەندرا، لە ھەنگاوی یەكەمیشدا پڕۆژەكە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ جێبەجێ دەكرێت، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، حكومەتی ئەلیكترۆنی كارەكان خێرا دەكات و تێچوو كەم دەكاتەوە.
كەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی كوردستان لە وتەیەكدا بەبۆنەی دەستپێكردنی پڕۆژەی حكومەتی ئەلیكترۆنی رایگەیاند: "گۆڕینی سیستمی كۆنی بەكارھێنانی كاغەز لە كاروباری حكومەت بۆ حكومرانی ئەلیكترۆنی نوێ، بە مەبەستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە كوالیتی بەرزە بە ھاووڵاتیان، دەبێتە یەكێك لە كارە ھەرە لە پێشینەكانمان كە ئامانج لێی باشتركردنی كارگێڕی و بەڕێوەبردنی كارەكانە لە وەزارەتی ناوخۆ".
گوتیشی: "وەك ھەنگاوی یەكەم ئەو پڕۆژەیە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھاتووچۆی شارەكان جێبەجێكردووە، بە ئامانجی جێبەجێكردنی سیستمی ئەلیكترۆنی لە چوارساڵی ئایندەدا".
ئەوەشی خستەڕوو: "لە ئێستادا ڤیزا كراوە بە سیستمی ئەلیكترۆنی ئەمەش تەواوی كارەكانی خێراتر كردووە، كات و تێچووی بۆ داواكارانی ڤیزا و وەزارەتی ناوخۆ كەمكردووەتەوە، ھەروەھا بووەتە مایەی شەفافیەتی زیاتر، چونكە چاودێر و ھەڵسەنگاندن ئاسانتر بووە و تێچووی كەمبووەتەوە".





