دەستەی دەستپاكی: 123 كەیسی گەندەڵی رەوانەی دادگا كراون
"ئێستا 178 كەیسی دیكە لە دادگایە"
K24 - ھەولێر
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "قەیرانەكانی ھەرێمی كوردستان تەنھا بە یەك رێگە چارەسەر دەكرێن، ئەویش چاكسازییە، ئەوەش بە ھەماھەنگی ھەموو دامەزراوەكانی ھەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت، چونكە ئەو پرسە پێویستی بە كۆدەنگی ھەیە".
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی ئاشكرای كرد: "ئێستا 197 كەیسی گەندەڵی هەواڵدەریمان هەیە لێكۆڵینەوەی تێدا دەكرێت و نەچووەتە بەردەم دادگا، هەروەها 178 كەیسی دیكە لە دادگایە، ھەروەھا لە ماوەی رابردوو 123 كەیسی گەندەڵی رەوانەی دادگا كراون لەوانە 39 كەیس بڕیاری سزایی لەسەردراوە كە 18یان سزای ئیدانەیان لێدراوە".
گوتیشی: "چەند مانگێكە پێشنیاری فەرمیمان داوەتە حكومەتی ھەرێم، بۆ ئەوەی لیژنەی باڵای دروست بكرێت بۆ سەرپەرشتی كردنی ستراتیژی بۆ پڕۆسەی چاكسازی، پێمانوایە ئەو لیژنەیە دەتوانێت خزمەتی گەورە بە پرۆسەكە بكات".
لەبارەی پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتی گوتی: "لێبوردنی گشتی كاریگەری نەرێنی دەبێت بۆ سەر سەروەری یاسا لە ھەرێمی كوردستان، دەكرێ پەرلەمانی كوردستان، سیستمێكی ھاوچەرخ بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو بۆ لێبوردنی تایبەت دابڕێژێت و سیستمی سزاییمان رێك بخەینەوە".