بارسێلۆنا بۆ كریستیانۆ: باشترین یاریزانی مێژوو له‌ یاریگه‌ی كامپ نوویه‌

بارسێلۆنا: رێزمان بۆ گه‌وره‌یی كریستیانۆ هه‌یه‌، به‌ڵام باشترین یاریزانی مێژوو لای ئێمه‌یه‌

دوای ئه‌وه‌ی كریستیانۆ رۆناڵدۆ خۆی به‌ باشترین یاریزانی مێژوو وه‌سف كرد، وته‌بێژێكی یانه‌ی بارسێلۆنا دێته‌ ده‌نگ و ده‌ڵێت: ببووره‌ كریستیانۆ، باشترین یاریزانی مێژوو لای ئێمه‌یه‌ له‌ یاریگه‌ی كامپ نوو.

ئێواره‌ی ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌، 12 دێسێمبه‌ری 2017، جۆسێپ ڤیڤیس وته‌بێژی یانه‌ی بارسێلۆنا له‌ لێدوانێكدا كه‌ له‌ پێگه‌ی گۆڵی ئینگلیزی بڵاو بۆته‌وه‌، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ لیۆنێل مێسی باشترین یاریزانی مێژووه‌، نه‌ك كریستیانۆ.

وته‌بێژه‌كه‌ی بارسا ده‌شڵێت: ڕیزمان بۆ ئاست و گه‌وره‌یی و تۆپه‌ زێره‌كه‌ی كریستیانۆ رۆناڵدۆ هه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ رۆژانه‌ باشترین یاریزانی مێژوو ده‌بینین.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ دوای ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو پێنجه‌مین خه‌ڵاتی تۆپی زێرینی برده‌وه‌ و ریكۆرده‌كه‌ی له‌گه‌ڵ لیۆنێل مێسی هاوتا كرده‌وه‌، گوتی: ئه‌وه‌ی من كردووه‌ به‌ كه‌س نه‌كراوه‌، بۆیه‌ من باشترین یاریزانی مێژووم.