ئێران هه‌ره‌شه له ئه‌مه‌ریكا ده‌كات
به‌رپرسێكی ئێرانی: ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا له عێراق و سووریا نه‌كشێته‌وه به‌هێز پاشه‌كشه‌ی پێ ده‌كه‌ین
K24- هه‌ولێر:
عه‌لی ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تی راوێژكاری عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ كاروباری نێوده‌وڵه‌تی جه‌ختی كرده‌وه "به‌خۆشی بێت یاخۆد به‌هێز" ئه‌مه‌ریكا ناچار ده‌كه‌ين له عێراق و سووریا بكشێته‌وه.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی ته‌سنیمی ئێرانی، ویلایه‌تی گوتوویه‌تی "ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌بێ هیچ فه‌رمانێكی فه‌رمی له‌لایه‌ن حكومه‌ته شه‌رعیه‌كانه‌وه له ناوچه‌كه هه‌ن و هه‌وڵ بۆ چه‌سپاندنی هه‌ژموونی خۆیان ده‌ده‌ن".ویلایه‌تی گوتیشی "هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا قبوڵی بكه‌ن یاخۆد ره‌تی بكه‌نه‌وه پێویسته ناوچه‌كه جێ بهێڵن، چونكه هیچ پاساوێك بۆ بوونی هێزه‌كانی له ناوچه‌كه نییه، ئه‌گه‌ر ره‌تیش بكه‌نه‌وه ئه‌وا به‌هێز پاشه‌كشه‌یان پێ ده‌كه‌ین".
ئه‌و به‌رپرسه ئێرانیه له‌باره‌ی دانپێدانانی دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكاش به ئۆرشه‌لیم وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل گوتی، ئه‌و كاره‌ی تره‌مپ وه‌ك بڵێسایه‌كی ئاگر بوو كه له كۆگای سووته‌مه‌نی هه‌ست و نه‌ریتی جیهانی ئیسلامی به‌ردا.
له‌به‌رده‌وامی قسه‌كانیدا راوێژكاری خامنه‌یی گوتی "سه‌رۆكه‌كانی پێشووی ئه‌مه‌ریكا نه‌وێراون پایته‌ختی ئیسرائیل بگوازنه‌وه ئۆرشه‌لیم و بڕیارێكی له‌مجۆره له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه ده‌درێن كه له بڕیاردان هیچ له حیكمه‌ت نازانن، تره‌مپیش بۆ ئه‌و بێحیكمه‌تیه ده‌ستپێشخه‌ری كرد".