ئێران: داخستنی ده‌روازه سنووریه‌كانی كوردستان بڕیی 2.5 ملیار دۆلار زیانی پێگه‌یاندووین
په‌رله‌مانتارێكی ئێرانی: ئێران به‌داخستنی سنوور زیانی به‌خۆی گه‌یاند
K24- هه‌ولێر:
هیشمهتوڵڵا فه‌لاحات پیشه، ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه له په‌رله‌مانی ئێران، به سایتی فاینانشاڵ تربیوونی ئێرانی راگه‌یاندووه، داخستنی ده‌روازه سنوورییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێران، زیانی 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری به ئێران گه‌یاندووه.
وه‌ك سایتی فاینانشاڵ تربیوون بڵاوی كردۆته‌وه، فه‌لاحات پیشه روونیكرده‌وه "دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كه به نزیك له كۆی ده‌نگی خه‌ڵكی هه‌رێم، ئێران له‌سه‌ر داواكاری حكومه‌تی عێراق سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان داخست".
گوتیشی، ئێران به‌م بڕیاره زیانی گه‌وره‌ی به‌خۆی گه‌یاندووه، چونكه ده‌ستبه‌جێ كاڵاكانی توركیا شوێنی به‌رهه‌مه ئێرانییهكانی له هه‌رێمی كوردستان گرته‌وه, ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری نه‌رێنی و دابه‌زینێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئابووری ئێران درووست كردووه.
دوای دابه‌زینی ئاستی ئابووری و بڵاوبوونه‌وه‌ی بێكاری و هه‌ژاری له‌لایه‌ك و فه‌رامۆشكردنی خه‌ڵكه‌كه‌ی و گرنگیدان به هه‌ژموونی خۆیان له وڵاتانی ناوچه‌كه له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئێرانه‌وه له‌لایه‌كی دیكه‌وه، به‌ر له دوو رۆژ خه‌ڵكی ئێران ده‌می ناڕه‌زایه‌تییان به‌ڕووی جڵهوگیرانی وڵاته‌كه‌یاندا ته‌قییه‌وه و، خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی له چه‌ندین شاری گه‌وره‌ی كۆماری ئیسلامی و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ڕێوه چوون و توندوتیژیشی به‌دواوه بوو.