پێنتاگۆن هۆشدارى ده‌داته‌ ئه‌سه‌د و ژماره‌ى ئه‌مريكاييه‌ مه‌ده‌نييه‌كان له‌ سووريا زياتر ده‌كات

ئه‌سه‌د، هه‌سه‌ده‌ به‌ "ناپاكى" تۆمه‌تبار ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زيرى به‌رگرى ئه‌مريكا جيم ماتيس، هۆشدارى دايه‌ به‌شار ئه‌سه‌دى سه‌رۆكى سووريا له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌نجامدانى هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ر هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات (هه‌سه‌ده‌) و ئاشكراشيكرد، ژماره‌ى ئه‌مريكاييه‌كان له‌ سووريا زياتر ده‌كرێت.

به‌م دواييانه‌، به‌شار ئه‌سه‌دى سه‌رۆكى سووريا، هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات (هه‌سه‌ده‌)ى هاوپه‌يمانى ئه‌مريكاى له‌ سووريا به‌ "ناپاكى" تۆمه‌تباركردووه‌.

له‌ ميانى كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانيدا، ماتيس گوتى: "هێڵێكى جياكه‌ره‌وه‌ له‌ نێوان ئه‌و ناوچانه‌دا هه‌يه‌ كه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتى سووريان و له‌ ژێر كۆنترۆڵى هاوپه‌يمانه‌كانى ئه‌مريكان، له‌گه‌ڵ ئه‌و ناوچانه‌ى له‌ ژێر كۆنترۆڵى حكومه‌تى سووريان به‌ پشتيوانى رووسيا".

هۆشداريشى دايه‌ ديمه‌شق و گوتى: "به‌زاندنى ئه‌و هێڵه‌ به‌ هه‌ڵه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت".

ماتيش پێشبينى ئه‌وه‌شى كرد، ژماره‌ى مه‌ده‌نييه‌كانى ئه‌مريكا له‌ سووريا زياتر بێت، هه‌روه‌ها ژماره‌يه‌كى پتر له‌ خانه‌نشين و ديپلۆماتكارى ئه‌مريكايى رووبكه‌نه‌ سووريا به‌ مه‌به‌ستى دڵنيابوونه‌وه‌ له‌ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ى توندڕه‌وه‌كان و سه‌رنج خستنه‌ سه‌ر دووباره‌ بنياتنانه‌وه‌ى سووريا.

هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات كۆنترۆڵى به‌شێكى زۆرى ناوچه‌كانى باكوور و رۆژهه‌ڵاتى سووريايان كردووه‌ و له‌ لايه‌ن ئه‌مريكا و هاوپه‌يمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعشه‌وه‌ پشتيوانى ده‌كرێن و به‌شێكى سه‌ره‌كى ئه‌و هێزانه‌ كوردن و يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه‌) به‌ بڕبڕه‌ى پشتى ئه‌و هێزانه‌ دێنه‌ هه‌ژمار.

سه‌رچاوه‌: رۆيته‌رز

و:ئ.ر