لە 2017 چەندین رووداو لە کوردستان روویاندا
بەرێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی رووداوێكی گرنگ و مێژوویی بوو
K24 - ھەولێر
لە ساڵی 2017 چەندین رووداوی گرنگ لە کوردستان روویانداوە کە گۆڕانکاری گەورەیان لێکەوتووەتەوە، رووداوەکان خۆش و ناخۆش بوون، یەکێك لەو رووداوانە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بوو کە رووداوێکی مێژوویی بوو.
لە سەرەتای ساڵ و لە 3/1/2017، فرانسوا ئۆڵاند، سەرۆکی پێشووی فەرەنسا بۆ دووەمجار سەردانی کوردستانی کرد. 21/1/2017، بە ھاوکاری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەری رۆژھەڵاتی مووسڵ لە دەستی داعش کۆنترۆڵکرایەوە.
یەكێك لە رووداوەكانی دیكەی ساڵی رابردوو لە 14/3/2017، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووك بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان نوسراوێکی ئاراستەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك کرد و لە 27/3/2017، ئاڵای کوردستان لە سەر دامەزراوەكانی شاری کەرکووك بەرزکرایەوە.
ھەر ساڵی 2017 چەند سەرکردەیەکی دیار لە کوردستان کۆچی دواییان کرد لەوانە. مام جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتی یەکێتی نیشیمانی کوردستان لە 3/10/2017، كۆچی دوایی كرد، ھەروەھا لە 19/5/2017، نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆران كۆچی دوایی كرد، عەزیز محەمەد، سکرتێری پێشووی حیزبی شیوعی کوردستان كە یەكێك بوو لە سەركردە دیارەكانی كوردستان لە 12/4/2017 كۆچی دواییكرد، ھەروەھا عەلی عەبدوڵڵا جێگری پێشووی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە 24\10\2017 كۆچی دواییكرد. ھەر لە ساڵی رابردوودا کەریم زەند، گەریدە و مێژووناسی ناسراوی کورد کۆچی دواییکرد.
لە 7/6/2017، ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم، 25/9/2017ی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دایاركرد، لە 16/9/2017 دوای دووساڵ لە كاركەوتن پەرلەمانی كوردستان كاراكرایەوە.
لە 25/9/2017، ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە ھەرێمی کوردستان بەرێوەچوو، كە رووداوێکی گەورەی مێژوویی بوو بۆ ھەرچوارپارچەی کوردستان، 92.76% خەڵکی کوردستان بە بەڵێ دەنگیان بۆ جیابوونەوە لە عێراقدا. 29/9/2017 بە بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عێراق گەشتە نێودەوڵەتییەكانی فرۆکەخانەکانی ھەولێر و سلێمانی راگیرا.
لە 16/10/2017، بە ھۆی رێککەوتنی ژێر بەژێری چەند کەسێکی ناو پارتێکی سیاسی کوردستان خیانەتێکی گەورە لە کورد کرا و کەرکووك رادەستی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی کرا، 51% خاکی کوردستان لەلایەن حەشد و سوپاوە داگیر کرا. 20 ھەمان مانگ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە چەک و تانك و ھامڤی ئەمریکی و بە بەشداری تۆپچییەکانی ئێران لە پردێ ھێرشێکی فراوانیان کردە سەر ھێزی پێشمەرگە، بەڵام لەلایەن پێشمەرگە بەتوندی وەڵامدرانەوە و بەسەدان چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و بریندار بوون و دواتریش لە زوممار و مەخموور چەند جارێك ھێرشەکانیان تێک شکێندران و بە دەیان چەکداریشیان بە دیل گیران ئەمەش بووە ھۆی تێکچوونی ئەو پیلانەی بۆ کوردستان دانرابوو و پێشرەوییەکانی حەشد و سوپای عێراقی راگرت.
لە 28/10/2017، سەرۆك مەسعود بارزانی، لە نامەیەكدا بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان داواى كرد ماوەی سەرۆکایەتی درێژ نەکرێتەوە و بابەتی سەرۆکایەتی چارەسەر بکرێت و گوتى "لە دوای 1/11/2017 بەردەوامبوونم لەو پۆستە رەتدەكەمەوە و نابێت یاسای سەرۆكایەتی هەموار بكرێت، یان تەمەنی سەرۆكایەتیی هەرێم درێژ بكرێتەوە". بهمهش وهك سهرۆكى ههرێمى كوردستان ماوهى سهرۆكایهتیهكهى كۆتایى هات.
لە 12/11/2017، لە كاتژمێر 9:23 خولەكی شەو، بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 7.2 کوردستانی ھەژاند. چەقی بوومەلەرزەکە لە رۆژھەڵاتی کوردستان بوو و 9 شار و 2 ھەزارگوندی گرتەوە و بەھۆیەوە بە دەیان گیانیان لەدەستدا و بە سەدان كەسیش بریندار بوون. بوومەلەرزەکە دەربەندیخان و ھەڵەبجە و سلێمانیشی لە باشووری کوردستان گرتەوە و زیانی گیانی و ماددی زۆری لێکەوتەوە.
لە 5/12/2017، ھەڤاڵ ئەبوبەكر، وەك پارێزگاری سلێمانی دەست بەکاربوو. 18/12/2017 لە سلێمانی و رانیە و پیرەمەگروون خۆپیشاندانی گەورە ئەنجامدران و سەرەڕای سوتاندنی بارەگای پارتەکان و چەندین دامودەزگای حکومی ژمارەیەك كەس گیانیان لە دەستدا و 80 کەسیش بریندار کران، لە چەند بەیاننامەیەكی جیادا لایەنەکان خۆپیشاندانەکانیان بە تێکدەرانە وەسف کرد.
لە 29/12/2017، بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە کابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کشانەوە. 26/12/2017 یوسف محەمەد، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەست لە کارکێشانەوەی خۆی راگەیاند.
لە كۆتاییەكانی ساڵی 2017 و لە 25/12/2017، پڕۆسەی تەعریب کردن لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دەستیپێکردەوە و حەشدی شەعبی و سوپای عێراق کوردنشینانی 17 گوندیان لە رۆژئاوای کەرکووك ئاگادار کردەوە کە لە ماوەی 72 کاتژمێردا گوندەکانیان چوڵ بکەن و لە شوێنیان عەرەب نیشتەجێ دەکرێت.
پێداچوونەوە: ھ.م