لە ھەولێر زیاتر لە 450 كەس لەسەر ماددەی ھۆشبەر دەستگیر كراون

"بڕی 53 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیراوە"

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/55c99cfa-fe3b-484b-959c-0ecbe64be27f/123117WCN.ism/manifest

K24 - ھەولێر

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی هەولێر ئاماری کار و چالاکییەکانی لەماوەی ساڵی 2017 راگەیاند و بەپێی ئەو ئامارە لە ماوەی ساڵێكدا 569 کەسیان بەتۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر بڕی 53 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرتووە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "لەماوەی ساڵێکدا ھێزەكانمان توانیویانە 569 کەس بەتۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکەن. لە كۆی ئەو ژمارەیەشدا 112 تۆمەتباریان بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست ئازادکراون و 134 تۆمەتباری دیکە بەکەفالەت ئازادکراون. هەروەها 253 تۆمەتباری دیکە پەڕاوەکانیان لەژیر لێکۆڵینەوەدایە و 70 تۆمەتباری دیکەش تاوانەکەیان بەسەردا ساخبووەتەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە ساڵی 2017 هێزەکانی ئاسایش 83 کەسیان بەتۆمەتی بازرگانیکردن و 353 کەسی دیکەش بەتۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکردووە، سەرەڕای ئەوەی 21 کەسی دیکەش بەتۆمەتی مامەڵەکردن بە پارەی ساختە دەستگیرکراون".

بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان  ئاماژەی بەوەشداوە، دەستیان بەسەر بڕی 53 کیلۆگرام لە ماددەی هۆشبەردا گرتووە و رێژەی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان بەرێژەیەکی کەم زیادیکردووە.

ئەمە لەكاتێكدایە بەهۆی نەبوونی هیچ سانسۆرێك لەنێوان مەرزەکانی نێوان پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لەگەڵ وڵاتی ئێران بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر و بازرگانیکردن بەو ماددەیە بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو لەسەرانسەری عێراق بە رێژەیەکی زۆر زیادیکردووە.

پێداچوونەوە: ھ.م