یەكێتی كێشەكانی دەباتە نێو كۆبوونەوەی سەركردایەتی

"ساڵی رابردوو ساڵی گرژبوونی دەماری تەكەتولاتی یەكێتی بوو"

K24 - سلێمانی

بەشێك لە سەركردە و بەرپرسانی یەکێتی ساڵی 2018 بە ساڵی نوێبوونەوەی حزبەکەیان و بەستنی کۆنگرەی چواری یەکێتی دادەنێن و دەڵێن، چوار ھەڵبژاردنی چارەنوسسازیان لە پێشە و پێویستیان بە خۆ ئامادەکردنە، ھەندێك لە چاودێرانی بە ئاگا و نزیك لە دۆخی یەکێتیش رایدەگەیەنن، یەکێتی پێویستی بە بوێریە بۆ ئەنجامدانی پاکسازی و ھەڵبژاردنی سەرکردایەتیەکی نوێ.

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی ئاشكرای دەكات، لەنێو حزبەكەیان ھەموو ھەوڵێك بۆ ئەوەیە كۆبوونەوەی سەركردایەتی بكرێت و ھەموو كێشەكان ببەنە نێو كۆبوونەوەكە و بڕیار لەسەر كۆنگرە و بابەتەكانی دیكەی یەكێتی بدەن.

ساڵی 2018 ئەگەر بۆ زۆرینەی ھێزە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان ساڵێکی چارەنووس ساز بێت، بە گوتەی بەشێك لە بەرپرسان و ئەندامانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ ئەو حزبە، ساڵی یەکلاکردنەوەی کێشە و ململانێکان و بەستنی کۆنگرەی چوارەمی ئەو حزبە و خۆ ئامادەکردنیەتی بۆ ھەر 4 ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی ھەرێم و ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق.

لەتیف نێروەیی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 گوت: "ئەگەر ساڵی 2017 ساڵێكی دژوار بووبێت بەھۆی گرژبوونی دەماری تەكەتولاتی یەكێتی، پێویستە ساڵی 2018 ببێە ساڵی چارەسەركردنی كێشەكان، لەھەمانكاتدا ساڵێكیچارەنووس سازە، ھیواخوازین دەستپێكی ئەمساڵ ببێتە ھەڵبژاردنی بژاردەی ئەقڵ و مەنتق و ئەنجامدانی كۆنگرەی یەكێتی".

گوتیشی: "ئەگەر ساڵی رابردوو بڕیاری یەكێتی بە دەست سەركردایەتی یەكێتی بووبێت، لە ئێستادا بڕیار تەنھا بە دەست سەركردایەتی نەماوە".

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە كوردستان24 گوت: "بە دڵنیاییەو ئەو دۆخە نا ئاساییە نابێ بەردەوام بێت دەبێ چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، ئێستا ھەموو ھەوڵەكان بۆ ئەوە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی ئەنجامبدرێت، ھەموو مەسەلەكان ببرێت بۆ ئەوێ لەوێ بڕیار لە بارەی مەكتەبی سیاسی ئێستا و بەستنی كۆنگرە بدرێت".

باس لەوە دەکرێت باڵی دەسترۆیشتووی ناو یەکێتی دەیانەوێت کۆنگرە وەك ئەوەی دەویسترێت یەکلا بکاتەوە، ھەندێك لە چاودێرانی بە ئاگا و نزیك لە دۆخی یەکێتیش دەڵێن، یەکێتی پێویستی بە بوێریە بۆ ئەنجامدانی پاکسازی و ھەڵبژاردنی سەرکردایەتیەکی نوێ.

عەدالەت عەبدوڵڵا، مامۆستای زانکۆ دەڵێت: "دەبێ یەكێتی بوێربێت لە پاكسازی كردن، دەستەیەكی نوێ بە مانای وشە بێتە پێشەوە، چونكە بەشێكی زۆری كێشەكانی یەكێتی لەسەرەوەیە لە خوارەوە نییە".

داڕشتنەوە: ھ.م