شاندێكی ھەرێم و بەغدا لەبارەی لیستی مووچەی فەرمانبەران كۆدەبنەوە

"لیستی مووچەی فەرمانبەرانمان ئامادەكردووە"

K24 - ھەولێر

بۆ گفتوگۆكردن لەسەر لیستی مووچەی فەرمانبەران، بڕیارە سبەی شاندێكی ھاوبەش لە وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا كۆببنەوە.

ڤیان محەمەد، بەڕێوەبەری بەشی پلاندانان لە وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 گوت: "ھەموو لیستی مووچەی مانگی 12 فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستیمان ئامادەكردووە، سبەی لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی پەروەردە سەردانی بەغدا دەكەین و رۆژی پێنج شەممەی داھاتوو لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، كۆبوونەوەی نێوان لیژنەی ھەرێم و بەغدا ئەنجامدەدرێت".

پێشتر خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە كوردستان24 گوتبوو، لە رێگەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان داوایان لێكراوە لیستی مووچەی فەرمانبەران ئامادە بكەن، بۆ ئەوەی ئەو شاندەی لەسەر ئاستی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە سەردانی بەغدا دەكەن لیستی مووچە خۆران لەگەڵ خۆیان بكەن، بڕیارە لە كۆبوونەوەی ھەردوولادا لەوێ گفتوگۆ لەبارەی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەردوو وەزارەت بكرێت.  

داڕشتنەوە:ھ.م