كار بۆ دروستكردنی بهرهیهكی سیاسی دهكرێت
"دەبێ لە ئێستاوە دەست بە ئامادەكاری بكرێت"
K24 - سلێمانی
قەوارەی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری کە بەرھەم ساڵح، جێگری دووەمی پێشووی سکرتێری گشتی یەکێتی سەرۆکایەتی دەکات، کار بۆ پێكھێنانی بەرەیەکی نوێی سیاسی دەکات، بەڵام تائێستا ھیچ شتێکی فەرمی لەو بارەیەوە نەکراوە.
رێبوار کەریم، گوتەبێژی قەوارەی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و داد پەروەری ناوی ئەو لایەنەنانە ئاشكرا دەكات كە لێیانەوە نزیكن و بە كوردستان24 راگەیاند: "لێك نزیك بوونەوە لەنێوان ئێمە و گۆڕان و كۆمەڵ ھەیە، بەڵام بە تەنھا ئەمە نییە، ھەوڵمانداوە لە چەند لایەن و كەسایەتی تریش نزیك بینەوە، نزیكبوونەوەمان بۆ ئەوەیە كە ئامانجی ھاوبەشمان ھەیە كە ئامانجی چاكخوازی و ھێنانە كایەی دیموكراسی و دادپەروەریە لەم كۆمەڵگایە، ھەر ئەمەشە پەیامێكی ھاوبەشی دروستكردووە".
دوای ئاشکرابوونی نزیکی قەوارەی ھاوپەیمانی لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ بە تایبەت بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام پەرلەمانتارێكی ئەو بزووتنەوەیە ئاشکرای دەکات کە لە لای گۆڕانەوە ھەنگاوی کرداری بەو ئاراِستەیەدا نەنراوە، بەڵام پێك ھێنانی ئەو بەرەیەش بە گرنگ دەزانێت.
سەبارەت بە نزیكبوونەوەیان لەگەڵ قەوارەی ھاوپەیمانی، بێستون فایەق، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان گوتی: "ھەموو ئەو شتانەی لەبارەی بەرەی ھاوبەش دەگوترێت، تەنھا لە چوارچێوەی قسە و شرۆڤەیە، بەرای من پێكھێنانی بەرەیەكی سیاسی تازەی جیاواز لە لایەنەكانی حوكمڕانی پێویستە، بەڵام لە ئێستاوە دەست پێبكات بۆ ئامادەكاری گرتنە دەستی دەسەڵات لە رێگەی ئەو ھاوپەیمانیەوە لەنێو پەرلەمان لە دوای ھەڵبژاردنەكانی داھاتوودا".
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، پێکھێنانی ئەو بەرە نوێیە دەکەوێتە پێش ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ھەرێمی کوردستان، بەڵام ھێشتا یەکلا نەبووەتەوە کە ئایا ئەو سێ لایەنە بۆ ھەڵبژاردنەکان بەیەك لیست دادەبەزن یان لیستی جیاواز.
داڕشتنەوە: ھ.م