چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەست پێدەكات

یەكەكانی 70 و 80 دەخرێنە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/7fba933b-39b2-4221-866e-66ed60ef4c42/010318XNG.ism/manifest

K24 - ھەولێر

بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری رۆشنبیری وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، کەمکردنەوەی پاسەوانی بەرپرسان و بارەگا حزبییەکان بەشێکی کەمە لە چاکسازییەکانی وەزارەتەكەیان و بەپێی پلانی چاکسازیەکەشیان هەردوو یەكەكانی 70 و 80 دەخرێنە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، رێکخستنەوەی پاسەوانی بەرپرسان و بارەگا حزبییەکان زیاتر لە 30% بندیوار کەم دەکاتەوە.

ھەڵگورد حیكمەت، بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری رۆشنبیری وەزارەتی پێشمەرگە بە كوردستان24 راگەیاند: "پڕۆژەی چاكسازی و رێكخستنەوەی یەكەكانی حەفتا و ھەشتاش دەگرێتەوە، لە ئایندەدا ھیچ ھێزێك نامێنێ لە دەرەوەی فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدا نەبێت".

لەبارەی پێداچوونەوە بە ژمارەی پاسەوانی بەرپرس و بارەگا حزبییەكان، نازم کەبیر، جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان گوتی: "پاسەوان ھەیە ئێستا شوفێری تاكسییە و لە ناو بازاڕ دەسوڕێتەوە، ھی واش ھەیە بەناوی پاسەوانی بەرپرسێك باخەوانە و رەزەوانە، بۆیە دەبێ بەپێی یاسا و رێنماییەكان، پێداچوونەوە و رێكخستنەوە بە پاسەوانی بەرپرس و بارەگا حزبییەكاندا بكرێت".

بەپێی بریارێکی بریکاری وەزیری پێشمەرگە، بەمشێوەیە پاسەوان بۆ ئەفسەرانی ھێزی پێشمەرگە دادەنرێت، ھەر لیوایه‌ك سێ پاسه‌وان و یەك شوفێر‌، بۆ عه‌مید دوو پاسه‌وان و یەك شوفێر، بۆ  عه‌قید یه‌ك پاسه‌وان و یه‌ك شوفێر و بۆ موقه‌د‌میش ته‌نیا یه‌ك شوفێری بۆ دانراوه‌.

داڕشتنەوە: ھ.م