كۆمسیۆن رۆژی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكان دیار ناكات
بۆ ھەڵبژاردنەكان داوای 23 ملیۆن دۆلاریان كردووە
K24 - ھەولێر
كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان، رەتیدەكاتەوە كە ئەوان رۆژی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكان دیار بكەن، ئاشكراشی دەكات بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەكان داوای 23 ملیۆن دۆلاریان كردووە.
شێروان زرار، گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئێمە ھیچ رۆژێك بۆ ھەڵبژاردن دیار ناكەین و دەسەڵاتی دیارکردنی رۆژی هەڵبژاردنەکان، دراوە بە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان".
ئاشكراشی كرد: "كۆمسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان داوای 23 ملیۆن دۆلاری کردووەو ئومێد دەكەین لە ماوەیەكی نزیكدا ئەنجوومەنی وەزیران پەسندی بكات بۆ ئەوەی دەست بە رێكارەكانی دیكەی ھەڵبژاردن بكەین".
گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی گوتیشی: "هەفتەی داهاتوو لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبینەوە و گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکاریی و پێداویستیەکانی هەڵبژاردنەکان دەکەین".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "یەكێك لە داواكانمان لە ئەنجوومەنی وەزیران ئەوەبووە كە ھاوكارمان بن لە پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران، چونكە لایەنە سیاسییەكان قسەی جدیان لەسەر تۆماری دەنگدەران ھەیە، ھەفتەی داھاتووش وردەكاری لەبارەی تۆماری دەنگدەران دەخەینەڕوو، بە داتاش دەیدەین بە لایەنەكان و كەناڵەكانی راگەیاندن".
داڕشتنەوە: ھ.م