په‌كه‌كه گرته‌ی ڤیدیۆیی ده‌ستگیركردنی دوو ئه‌ندامی میت بڵاوده‌كاته‌وه
له‌سه‌ر ئه‌م رووداوه نێوانی توركیا و یه‌كێتی ئاڵۆزی تێكه‌وت

K24 - هه‌ولێر:
پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه)، گرته‌ی ڤیدیۆیی ده‌ستگیركردنی 2 ئه‌ندامی میتی توركی له شارۆچكه‌ی دوكانی سه‌ر به پارێزگای سلێمانی بڵاوكرده‌وه.
به گوێره‌ی ڤیدیۆكه، چه‌ند كه‌سێك به ده‌مانچه‌ی بێده‌نگ، هه‌ڵده‌كوتنه سه‌ر ژوورێك، كه سێ كه‌سی تێدایه و ده‌ستگیریان ده‌كه‌ن و دووانییان ئه‌ندامی ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا (میتی)ی توركین.
تا ئێستا ناسنامه‌ی دوو ئه‌ندامه‌كه له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام بڕیاره سبه‌ی، ڤیدیۆی دانپێدانانی ئه‌و دوو ئه‌ندامه‌ی میت بڵاوبكرێته‌وه.
له مانگی ئابی 2017، په‌كه‌كه ده‌ستگیركردنی دوو ئه‌ندامی میتی توركی له شارۆچكه‌ی دوكان راگه‌یاند، كه به نیازبوونه ئۆپه‌راسیۆنێكی نهێنی له دژی په‌كه‌كه ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵام ئۆپه‌راسیۆنه‌كه شكستیهێنا.
له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی میت، نێوانی توركیا و یه‌كێتی رووی له ئاڵۆزی كرد و دواتریش ئه‌نقه‌ره، به‌هرۆز گه‌ڵاڵی، نوێنه‌ری یه‌كێتی له ئه‌نقه‌ره ده‌ركرد.