دوای گەڕانەوەی كۆسرەت رەسوڵ یەكێتی بڕیار لە بەستنی كۆنگرە دەدات

سەركردەیەكی یەكێتی: بەھۆی ناكۆكییە ناوخۆییەكان ئێستا كۆنگرە دەبەستین

K24 - سلێمانی

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، دوای گەڕانەوەی كۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی، یەكەم كاریان ھەوڵدانە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی، بۆ بڕیاردان لە رۆژی بەستنی كۆنگرە، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەھۆی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی حزبەكەیان ئێستا كۆنگرە دەبەستن.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە كوردستان24 راگەیاند: "وەك یەكێتی پێویستمان بە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتییە، چونكە كۆبوونەوەی پێشتری سەركردایەتی یەكێتی پچڕا و بە ھەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، پێویستمان بە درێژەپێدانی ئەو كۆبوونەوەیە ھەیە، یەكێك لە بابەتە سەرەكییەكانی ئەو كۆبوونەوەیە، باسكردنی كێشەناوخۆییەكانی یەكێتییە، ھەروەھا گفتوگۆكردنە لەبارەی بەستنی كۆنگرە، تا ئێستا ھیچ رۆژێكمان بە فەرمی دیار نەكردووە بۆ كۆنگرە، تەنھا پێشنیاز ھەیە، بەڵام پێویستمان بەوەیە كە شێوەی فەرمی وەربگرێت و ببێت بە بڕیار، پاشان لە كۆبوونەوەكەدا رۆژی بەستنی كۆنگرە دیار بكرێت، تا ئێستا چوار رۆژ دیاركراوە، دەبێت لە نێو ئەو چوار رۆژەدا بە فەرمی گونجاوترینیان ھەڵبژێرین".

گوتیشی: "كۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجوومەنی سەركردایەتی زۆر گرنگ دەبێت، چونكە رۆژی كۆنگرەی تێدا دیار دەكرێت، ھەروەھا بڕیار لە پێكھێنانی لیژنەیەك دەدرێت، بۆ ئەوەی دەست بە ئامادەكارییەكانی كۆنگرە بكات".

فەرید ئەسەسەرد، ئاشكرای كرد: "یەكێك لە ھۆكارەكانی كۆنگرەی یەكێتی بوونی ناكۆكییەكە ناوخۆییەكانە، چونكە ئەگەر ناكۆكیی ناوخۆیمان نەبوایە دەمانتوانی كۆنگرە دوابخەین، بۆیە دەمانەێت ناكۆكییەكان ببینە ناو كۆنگرە و چارەسەریان بكەین و بڕیارێك بدرێت كە ھەموومان پێیەوە پابەندبین".

پێشتر ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی رایانگەیاندبوو، كە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی سەركردایەتی چاوەڕێی كۆسرەت رەسوڵ دەكەن، بۆ ئەوەی رۆژی بەستنی كۆنگرەی حزبەكەیان دیار بكەن.

ئەمە لە كاتێكدایە سكرتێری رۆژنامەوانی كۆسرەت رەسوڵ، بە كوردستان24 راگەیاند، ئەمڕۆ كۆسرەت رەسوڵ لە رێگەی فڕۆكەخانەی سلێمانی دەگاتەوە ھەرێمی كوردستان.

داڕشتنەوە: ھ.م