شكستە مێژووییەكانی سوپای عێراق

بۆ سەركوتكردن و جێبەجێكردنی ئەجێندا شۆڤێنییەكانی دەستەڵاتدارانی بەغدا بەكارھاتووە

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/ad5e5c80-9318-480f-9a3e-0c1635e09fee/010618YVG.ism/manifest

K24 - ھەولێر

سوپای عێراق لە مێژووی خۆیدا تووشی چەندین شەڕی شكستخواردوو بووە، ئەمە جیا لەوەی ھەمیشە سوپا لەلایەن دەستەڵاتە یەك لەدوای یەكەكانەوە بۆ سەركوتكردنی خەڵكی عێراق و جێبەجێكردنی ئەجێندا شۆڤێنییەكانی دەستەڵاتدارانی بەغدا بەكارھاتووە.

ھەرچەندە مێژووی دروستبوونی سوپای عێراق بۆ ساڵی 1921 دەگەڕێتەوە، بەڵام لەسەردەمی عوسمانییەكانیشدا چەند یەكەیەكی سەربازانی عێراقی لەنێو سوپای عوسمانیدا ھەبوون. مێژووی ئەم سوپایە پڕیەتی لە ئەنجامدانی تاوان لەدژی كورد و پێكھاتەكانی دیكە ئەمە سەرەڕای چەندین شەڕی شكستخواردوو.

یەكێك لە شكستەكانی سوپای عێراق لە ساڵی 1941 بوو لە شەڕێكیدا لەگەڵ سوپای بەریتانیا، ھەروەھا ساڵی 1948یش سوپای عێراق بەشداری لە شەڕێكی دژی ئیسرائیلدا كرد، ساڵی 1973 سوپای عێراق بەشداری لە شەڕێكی دیكەی دژ بە ئیسرائیلدا كرد و لەھەردوو شەڕەكەدا، لەگەڵ ھێزەكانی دیكەی وڵاتانی عەرەبی تووشی شكست ھاتووە.

لە ساڵی 1980 سوپای عێراق جەنگێكی شكستخواردووی 8 ساڵەی لەگەڵ ئێران ئەنجامدا، كە بە درێژترین جەنگی سەدەی بیستەم دادەنرێت، بووە ھۆی كوژرانی زیاتر لە یەك ملیۆن كەس، دواتر لە ساڵی 1990 سوپای عێراق كوێتی داگیركرد خۆی تووشی شەڕێكی دیكەی شكستخواردووی گەورە كرد لەگەڵ ئەمریكا و سوپای 30 وڵاتی جیھان، ھەر ئەم شەڕە بووە سەرەتاییەك بۆ لەناوچوونی دەسەڵاتی ئەوكاتی عێراق. لە 20/3/2003 سوپای عێراق تووشی شكستێكی گەورە و مێژوویی بووەوە لەسەر دەستی ھێزەكانی ھاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ئەمریكا تاكو لە 9/4/2003 دەسەڵاتی سەدام حسێن، لە عێراق رووخا و سوپای عێراقیش ھەڵوەشایەوە.

دوای پرۆسەی ئازادی سوپای عێراق جارێكی دیكە دروستكرایەوە، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات سوپا سەرجەم پێكھاتەكانی دیكەی وەك كورد و سوننە لە ریزەكانی سوپا دوورخرانەوە و تاكو رێژەیان بووە كەمتر 5%، ھێزە ئەمنییەكانی دیكەش كە بەتەواوی كرانە ھێزی حزبی و تائیفی.

شكستێكی دیكەی گەورەی سوپای عێراق رادەستكردنی مووسڵ بوو، لە 9/6/2014، لە بەرامبەر ھێرشی چەكدارانی رێكخراوی داعش كە ژمارەیان نەدەگەیشتە 100 چەكدار.

ھەموو ئەو شكستانەی سوپای عێراق گەواھی ئەو راستییە دەدەن، كە ھەمیشە سوپا بۆ جێبەجێكردنی مەرامی شۆڤێنیانەی رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق و سەركوتكردنی پێكھاتە و نەتەوەكانی دیكە بەكارھاتووە، دواھەمین ئەو ھەوڵانەش كە سوپا بۆ سەپاندنی دەستەڵاتی شۆڤێنی و سەركوتكردنی پێكھاتەكانی دیكە لەلایەن دەستەڵاتی ناوەندەوە بەكارھات، داگیركردنی كەركووك و خورماتوو بوو لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017، بۆیە ئێستا لەھەموو كات زیاتر پێویست دەكات سوپا لە كێشە سیاسییەكان دووربخرێتەوە و سەربازەكانیشی لە سەرجەم گەلانی عێراق پێكبێت.

پێداچوونەوە: ھ.م