كورد میژووێكی تاڵی لەگەڵ سوپای عێراق ھەیە
"سوپای عێراق نەیتوانیوە گوزارشت لە تەواوی عێراقییەكان بكات"
K24 - ھەولێر
گەلی کورد لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 رۆڵی گەورەی لە بوونیادنانەوەی سوپای عێراق هەبووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی بەغدا چەندین جار لە رێگەی بەکارهێنانی هێز هەوڵی یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایانداوە، چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە، سوپای عێراق هیچ کاتێك نەیتوانیوە گوزارشت لە تەواوی عێراقییەکان بکات، چونکە بەردەوام دەسەڵاتدارانی بەغدا سوپایان وەکو ئامرازێك بۆ بەرژوەندیی و مەرامەکانیان بەکارهێناوە.
بەپێچەوانەی سوپاکانی وڵاتانی جیهان، سوپای عێراق هیچ کاتێك نەیتوانیوە ببێتە سوپایەك، گوزارشت لە تەواوی گەل بکات و ببێتە هۆکارێکیش بۆ سەقامگیربوونی وڵات، بە درێژایی مێژووی عێراق دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە سوپایان بۆ مەبەست و مەرامەکانی خۆیان بەکارهێناوە و زۆترین جار بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە سیاسییەکان دەستێوەردانی کردووە، ئەمەش وایکردووە، هەمیشە سوپا بەشێك بێت لە کێشە و ناکۆکییەکان نەوەك چارەسەرکاری کێشەکان.
لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 و پێکهێنانەوەی سوپا، عێراقییەکان بە کورد، شیعە و سوننەوە پێیانوابوو، ئیدی سوپا دەبێتە هۆکارێك بۆ یەکخستنی پێکهاتەکان و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی عەسکەرتارێتی لەو وڵاتە، بەڵام هەر زوو دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراق لەساڵی 2012 لەرێگەی جووڵاندنی سوپا هەوڵیاندا کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا یەکلاییبکەنەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، هەروەها بەبیانووی جیاجیا سوپایان بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانی سوننەکان لە ساڵی 2013 بەکارهێنا، بەو هۆیەشەوە چەندین کەس لە ناوچە سوننە نشینەکان کوژران و برینداربوون.
ئەگەرچی بەپێی دەستووری عێراق سوپا بۆی نییە دەستێوەردان لە کێشە سیاسییە نێوخۆییەکان بکات و دەبێت بێلایەن بێت، بەڵام ئەو سوپایەی کورد رۆڵێکی گەورەی لە بوونیادنانەوەی لە دوای رووخانی رژێمی بەعس هەبوو، جارێکی دیکە لە 16 ئۆکتۆبەری ئەمساڵ سوپای عێراق فەرمانی دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق لە کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا هێرشی کردە سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و داگیریکرد، لە ئەنجامیشدا چەندین کەس کوژران و برینداربوون، ئەمە جگە لەوەی بە هەزاران کەسیش لەو ناوچانە بەهۆی ترسی تۆڵەکردنەوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.