کوردستان24 دۆخی گوندەکانی سەرگەڕان بڵاودەکاتەوە
"عەرەبەکان قەرەبووکراونەتەوە و ناوچەکەش جێناهێڵن"
K24 - ھەولێر
کوردستان24 دیمەنی بەشێك لەو ناوچانە دەخاتەڕوو کە بڕیاری بە عەرەبکردنەوەی بۆ دەکراوە، دانیشتووانی ناحیەی سەرگەڕانیش نیگەرانن لەوەی کە عەرەبە ھاوردەکان پاش قەرەبووکردنەوەیان جارێکی دیکە، لەگەڵ ھێزە عێراقییەکان ھاتونەتەوە سەریان، شارەزایانی یاسایی پێشنیاز دەکەن خاوەن ئەو زەویانە راستەوخۆ سکاڵا تۆمار بکەن لە دژی ھەر کەسێك کە دەیەوێت زەوەکانیان داگیر بکەن.
کامەران کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەو عەرەبانەی دەھێندرێنە ناوچە كوردستانییەكان، پێشتر لە ماددەی 140 سوودەمەند بوونە و ئیمتیازاتیان وەریان گرتووە، خۆشیان دانیان بەوەناوە، بۆیە دەبێ ئیجرائاتی یاساییان لەگەڵدا بكرێت و یەكێك لە ئیجرائاتەكانیش دەبێ زەوییەكانیان لێوەربگیرێتەوە، بەڵام نابێ ئەو پرسە بكرێت بە بابەتێكی سیاسی و گەورە بكرێتەوە، دەبێ ھەر كەسەو لە شوێنی خۆی سكاڵا لەسەر ئەو كەسە تۆمار بكات كە ھاتووەتە سەر زەوییەكەی".
پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە کوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نۆێنەرانی عێراق ھەوڵەکانیان چڕکردوەتەوە بۆ رێگەگرتن لە بەعەرەبکردنی کەرکووك و تا ئێستاش ھیچ دەر ئەنجامێکی نەبووە، شارەزایەکی یاسایی پێشنیاز دەکات ئەو پرسە لە رێگەی دادگای فیدراڵی یەكلایی بكرێتەوە.
لەو بارەوە ھەڵمەت غەریب، مامۆستای زانکۆ و شارەزای یاسایی بە كوردستان24 گوت: "تەعریب كردنەوەی ناوچە كوردستانییەكان بە بڕیاری پارێزگاری ئێستای كەركووك بە وەكالەت دەستیپێكردووەتەوە، ھیچ بنەمایەكی یاسایی و دەستووری نییە، بۆیە دەكرێ، سكاڵا لەسەر سەرۆك وەزیران و ئەو ھێزانەش تۆمار بكرێت كە بەشدارن لە تەعریب كردنەوەی كەركووك، ئەو بڕیارانەی پارێزگاری كەركووك دەری دەكات، ھەموو پێچەوانەی دەستوورن، چونكە لەسەر بنەمانی نەتەوە و تائیفی بڕیاردەدات، بە بڕوای من باشترین رێگە ئەوەیە، وەك كورد رێگەی یاسایی بگرینەبەر و فشاری سیاسی لە حكومەتی عێراق بكەین".
بەشێکی زۆر لە بڕیارەکانی پارێزگاری کەرکووك بە وەکالەت بۆ زیادکردنی رێژەی عەرەب و سڕینەوە و دەرکردنی کوردە لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە، حکومەتی عێراقیش لە رووی سەربازی و یاساییەوە پاڵپشتی دەکات.
داڕشتنەوە: ھ.م