سەردانی شاندە حزبییەکان بۆ بەغدا کاردانەوەی لێدەكەوێتەوە
حزبەکان بێ ئاگاداری حکومەت و پەرلەمان دەچنە بەغدا
K24 - سلێمانی
سەردانی شاندی سێ لایەنی کوردستانی بۆ بەغدا، کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتەوە بە تایبەت لەسەر ئاستی ناوخۆ، بەشێك لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە شاندە حزبییەكان شەرعیەتی ئەوەی نییە بۆ گفتوگۆ لەبارەی كێشەكانی ھەولێر و بەغدا بچنە لەگەڵ سەركردەكانی عێراق كۆببنەوە، وتەبێژی قەوارەی ھاوپەیمانیش ئاشکرای دەکات رەنگە لە داھاتوودا ئەو سەردانانە بەردەوامیان ھەبێت.
عەتا شێخ حەسەن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی و ھەڵەبجە بە كوردستان24 راگەیاند: "چوونە دەرەوەی ھەر شاندێك لە ھەرێمی كوردستان، پێویستە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دامەزراوە نیشتمانییەكان بێت، چوونی شاندی ئەو سێ لایەنەی لە چەند رۆژی رابردوو چوونە بەغدا، لە دەرەوەی بڕیاری حكومەتی ھەرێمی كوردستان بوو كە شەرعیترین دامەزراوەی ھەرێمی كوردستانە".
ھەر پەیوەست بەم باسەوە، ئازاد تۆفیق، ئەندامی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت: "ئەو ھێزە سیاسییەكان ئەگەر وەك شەرعیەتی فەرمی بێت، ئەوا بە گۆڕان و كۆمەڵەوە خاوەنی 30 كورسین، ھاوپەیمانی نیشتمانیش ھێزێكی دەڵەمەیە ھێشتا پێنەگەیووە، بەڵام یەكێتی و پارتی 56 كورسی پەرلەمانیان ھەیە، بەم پێوەرەش ئەگەر شەرعیەتی پەرمانی بێت یان حكومەت ھەر لای ئەمانە".
قەوارەی ھاوپەیمانیش وەك لایەنێکی بەشدار لەو سەردانەی بەغدا، بەگرنگی دەزانێت کە ئەو جۆرە سەردانانە بونیان ھەبێت و ئاشکراشی دەکەن، کە رەنگە لە داھاتوودا ئەو جۆرە گفتوگۆو سەردانانە درێژەیان ھەبێت.
رێبوار کەریم، وتەبێژی قەوارەی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بە كوردستان24 گوت: "ئێمە شاندی گفتوگۆ نین، جەختمان لەوە كردووەتەوە گفتوگۆ لەنێوان دوو حكومەتدا دەكرێت، ئێمە شاندی سیاسی گەیەنەری داخوازی خەڵكین، بە بەغدامان گوتووە، مافی خەڵك جیایە لە مللانێی سیاسی و جیاوازی نێوان دوو حكومەت جیایە لە ماف و ژیانی خەڵك".
لە چەند رۆژی رابردوودا شاندێكی حزبی كە پێكھاتبوو لە نوێنەری گۆڕان و كۆمەڵ و ھاوپەیمانی، سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی بەغدا كۆبوونەوە. سەردانی ئەو سێ لایەنە لە کاتێکدایە کە حکومەتی بەغدا بەردەوامە لە سزادانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و تا ئێستا رەتیکردووەتەوە کە مافە یاسایی و دەستورییەکانی ھەرێمی كوردستان بدات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە حکومەتی ھەرێم ئامادەیی ھەموو جۆرە رێککەوتنێکی لەگەڵ حكومەتی عێراق لە چوارچێوەی دەستوور نیشانداوە.
داڕشتنەوە: ھ.م