پارتی و یەكێتی چەند پرسێك تاوتوێ دەكەن
مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی لە سلێمانی كۆدەبنەوە
K24 - ھەولێر
كەمێك پێش ئێستا كۆبوونەوەی ھەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شاری سلێمانی دەستیپێكرد، بە گوێرەی زانیارییەكان ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكان و رەوشی ئێستای ھەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكەن.
پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا شاندی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، گەیشتە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی و ئێستا بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك لە كۆبوونەوەدان.
گوتیشی: "شاندی پارتی، لە لایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكایەتی دەكرێت و ئەندامانی شاندەكە پێكاھاتوون لە فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی و د. رۆژ نوری شاوێس، ھۆشیار زێباری، ئازاد بەرواری، مەحموود محەمەد، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و دڵشاد شەھاب، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی. شاندی یەكێتیش پێكدێت لە ھەریەك لە ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، سەعدی پیرە، مەلا بەختیار، عومەر فەتاح، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، شۆڕش ئیسماعیل، حاكم قادر حەمەجان".
پێشتر سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاندبوو: "ئەمڕۆ ھەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی لە سلێمانی كۆدەبنەوە". بەڵام گوتەبێژی یەكێتی ئامادەنەبوو ئەجندای كۆبوونەوەكە ئاشكرا بكات.
سەرچاوەیەكی ئاگادار كە نەیویست ناوی بنوسرێت بە كوردستان24 گوت: "رەوشی ئێستای ھەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكانی كوردستان و عێراق تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەی پارتی و یەكێتی دەبن، ھەرەوەھا لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێكی دیكە دەكرێت".
كۆبوونەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە كاتێكدایە كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان، ئامادەكاری دەكات بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكانی كوردستان، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی رۆژی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكان دیار نەكراوە.
ھ.م