نێچیرڤان بارزانی داوای وەڵام لە گۆڕان و كۆمەڵ دەكات

"پشتگیرییەكان پەیامێكی جدییە بۆ بەغدا"

K24 - سلێمانی

دوای كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی، لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا نێچیرڤان بارزانی و مەلا بەختیار، ئەجندای كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو، لەبارەی كشانەوەی گۆڕان و كۆمەڵ لە حكومەتی ھەرێم نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئه‌و وه‌ڵامانه‌مان لێیان ده‌وێ، دوای چوار ساڵ تازه‌ تێده‌گه‌ن ئه‌م حكوومه‌ته‌ چۆنه‌ و چۆن نییه"

نێچیرڤان بارزانی تیشكی خسته‌ سه‌ر پشتگیرییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و رایگه‌یاند، پشتگیرییه‌كان په‌یامێكی جددییه‌ بۆ به‌غدا، كه‌ هه‌رێمی كوردستان قه‌واره‌یه‌كه‌ و هه‌یه‌ و پێویسته‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراق كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن.

هاوكات روونیشی كرده‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌یدا، له‌گه‌ڵ ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا و ئه‌نگێلا مێركل، راوێژكاری ئه‌ڵمانیا، جه‌خت له‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ كراونه‌ته‌وه‌ به‌ گفتوگۆ.

لەبارەی پڕكردنەوەی پۆسته‌ به‌تاڵه‌كانی گۆڕان و كۆمه‌ڵیش رایگه‌یاند، رێكاری یاسایی هه‌یه‌ و سه‌ره‌تا پێویسته‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌كانییان له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ په‌سه‌ند بكرێن، به‌ڵام تا ئێستا په‌سه‌ند نه‌كراون و تا واژووكردنی نامه‌ی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌یان ده‌بێت له‌ كاره‌كانییان به‌رده‌وام بن.

نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا وه‌ڵامی هۆكاری جێهێشتنی حكوومه‌تمان له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌ و ئه‌و وه‌ڵامانه‌مان لێیان ده‌وێ، دوای چوار ساڵ تازه‌ تێده‌گه‌ن ئه‌م حكوومه‌ته‌ چۆنه‌ و چۆن نییه"‌.

سەبارەت بە سەردانی سێ لایەنی سیاسی بۆ بەغدا نێچیرڤان بارزانی گوتی: "پێمان خۆشە ئەگەر ئەو سێ لایەنە قسەیەكی خێریان كردبێت لەبارەی ھەر بابەتێكەوە بووبێت، بەڵام باشتر دەبوو ئەگەر ھەموومان پێكەوە رۆیشتباین".

له‌ وه‌ڵامی رۆژنامه‌واناندا، سه‌باره‌ت به‌ بوونی ده‌ستی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ئاڵۆزییه‌كانی ئێران، نێچیرڤان بارزانی گوتی"ئەوە له‌ كۆمێدیا ده‌چێت".

روونیشی كرده‌وه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستییان له‌و پشێوییانه‌ی ئێراندا نییه‌ به‌ نسبه‌ت ئێرانیش دراوسێیه‌كی گرنگه‌ و نابینه‌ هۆكاری تێكدانی ئاسایشی ئێران، ئه‌وه‌ی له‌و وڵاته‌ ده‌گوزه‌رێ په‌یوه‌ندی به‌ دۆخی ناوخۆیی وڵاته‌كه‌وە ھەیە.