رووسیا ده‌ستی به چه‌كێك ده‌گات كه توانای پێكانی مانگه ده‌ستكرده‌كانی هه‌یه
رووسیا له‌سه‌ر زه‌وییه‌وه ده‌توانێت مانگه ده‌ستكرده‌كان له‌كار بخات
K24- هه‌ولێر:
ئاژانسی ئینته‌رفاكس بڵاویكرده‌وه، له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا سوپای رووسیا چه‌كێكی نوێ به‌ده‌ست ده‌هێنێت، كه ده‌توانێت له سه‌ر زه‌وییه‌وه ئه‌و مانگه ده‌ستكردانه بكاته ئامانج و له‌كاری بخات، كه كاركردنیان دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی رووسیایه.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له كۆمه‌ڵگای پیشه‌سازی سه‌ربازی رووسیا به ئاژانسی ئینته‌رفاكسی راگه‌یاندووه، "تیرادا - 2" یه‌كێك له‌و سیسته‌مانه‌یه كه له‌و چه‌كه‌دا به‌كارهاتووه و، له ساڵی 2001ـه‌وه ده‌ست به‌و پرۆژه‌یه كراوه.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه گوتوویه‌تی، ئه‌و سیسته‌مه له‌سه‌ر زه‌وییه‌وه ده‌توانێت هه‌ر مانگێكی ده‌ستكرد له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی ژاوه‌ژاوی ئه‌لیكترۆنییه‌وه له‌ناو بۆشاییگه‌ریدا له‌كاربخات.
پێشتریش له 30ی تشرینی دووه‌می رابردوودا، ئۆلیگ ئه‌شاسوڤ، جێگری سه‌رۆكی په‌یمانگای توێژینه‌وه زانستییه ناوه‌ندییه‌كان رایگه‌یاندبوو، ئێستا رووسیا كار له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی توانای له‌كارخستنی مانگه ده‌ستكرده‌كان ده‌كات و گوتی، له‌و پرۆژه‌یه‌دا سیسته‌می "تیرادا - 2 ئێس" كه تایبه‌ته به لێدانی مانگه ده‌ستكرده‌كان به‌كارده‌هێندرێت.