ئه‌حمه‌د جه‌ربا: سه‌رۆك بارزانى ئاسۆى كورده
كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ھیچ كارێكیان نەكرد بۆ پاراستنی ھەرێمی كوردستان
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی پێشووتری ئیتلافی سووریا رایگه‌ياند، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ھیچ كارێكیان نەكرد بۆ پاراستنی ھەرێمی كوردستان و سه‌رۆك بارزانیش ئاسۆی كورده.
ئەحمەد ئەلجەربا سه‌رۆكی پێشووتری ئیتلافی سووریا لە گوتارێكدا له‌ماڵپه‌ڕی فه‌رمی پارته‌كه‌یدا لەژێر ناوی مەسعود بارزانی یان ئاسۆی كورد كە كەس ناتوانێ تێیپه‌ڕێنێت نووسیویه‌تی: سەركردەی كورد مەسعود بارزانی ریفراندۆمی سەربەخۆيی كوردستانی بۆ جيا بوونەوەی لە عێراق ئەنجام نەداوە، به‌ڵكو زۆرجار هه‌لی له‌بارتر هه‌بووە كە لە عێراق جيا ببێتەوە. بۆ نمونه ساڵی 2005، هه‌روه‌ها لە ساڵی 2014 كاتی ھاتنی چەكدارانی داعش بۆ عێراق.
ھەروەھا نووسیویەتی: بارزانی هه‌میشه هه‌وڵیداوه و كاریكردووه له‌پێناو ده‌رخستنی راستی و دوورخستنەوەی عێراق لە خوێن رشتن و بەردەوام دەرگای ھەرێمی كوردستانی واڵا كردووه بۆ ھەموو پێكھاتە و لایەنەكانی عێراق و سووریا كە حەواندنەوەی 2 ملیۆن پەنابەری عێراقی و سووری لە خۆ گرتووە كە لەترسی كۆمەڵكوژی داعش ئاواره‌بوون.
دەربارەی ھەڵوێستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش لەسەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ئەحمەد جەربا دەڵێت ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ھێزە نێودەوڵەتییەكان لە بەرامبەر ھەڕەشەكانی ئێران بێده‌نگبوون و ھیچ كارێكیان نەكرد بۆ پاراستنی ھەرێمی كوردستان.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: لاوازكردنی بارزانی لاوازكردنی عێراق و دەنگی ئازادە لەو وڵاتە.