هاوپەیمانی دیموکراسی: ھێزی سڕینەوەی كەس نین
"ھانی لایەنەكانی دیكە دەدەین بۆ گۆڕانی چاكەخوازانە"
K24 - سلێمانی
هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری كە ئەمڕۆ یەكەم كۆنگرەی خۆی لەشاری سلێمانی دەبەستێت، ئاشكرای دەكات ئەو حزبە ھێزی سڕینەوەی حزب و سیاسییەكانی دیكە نابێت و كار بۆ گۆڕانكاری لە حوكمرانی دەكەن.
رێبوار کەریم، گوتەبێژی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری بە كوردستان24 رایگەیاند: "کاتژمێر 2 پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆنگرەی دامەزراندنی هاوپەیمانی دیموکراسی بۆ دادپەروەری بە بەشداری زیاتر لە 500 ئەندام بەڕێوەدەچێت و کۆنگرەکە یەك رۆژ دەخایەنێت و سەرۆکی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لە کۆنگرەکە هەڵدەبژێردرێت.
گوتیشی: "لە كارنامەی ئێمە كاری پێكەوەیی لە پێش ھەموو شتێكەوەیە، ئێمە ھێزی سڕینەوەی كەس نین، ھانی ھەموو لایەك دەدەین بۆ گۆڕانی چاكەخوازانە لەم وڵاتە".
رێبوار کەریم، روونیكردەوە: "لە كۆنگرەكەدا ئەنجوومەنی گشتی و ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن ھەڵدەبژێردێت، ئەنجوومەنی گشتی لەلایەن ھاودیدانمان لە دەڤەرەكان ھەڵدەبژێردرێ كە ژمارەی ئەنجوومەنەكە نابێ كەمتربێت لە 40 كەس، دواتر ئەنجوومەنی گشتی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن ھەڵدەبژێرێت كە بە سەرۆكەوە ژمارەی 15 كەس دەبێت".