پۆستی سەرۆكایەتی كێشە دەخاتە نێو ھەدەپە
"دوای دەمیرتاش با توركەكان چاو نەبڕنە پۆستی سەرۆكایەتی"
K24 - ھەولێر
حەسیب كاپلان، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی، لە كۆنگرەی داھاتوودا و دوای سەڵاحەدین دەمیرتاش، با توركەكانی نێو ھەدەپە چاو نەبڕنە پۆستی سەرۆكایەتی ئەو حزبە، پێویستە ھەر كەسێك سنووری خۆی بزانێت.
لەبارەی سری سورەیا ئۆندەر، كە پەرلەمانتارێكی ھەدەپەیە و بە رەگەز توركە، كاپلان نووسیویەتی: "با سری سورەیا ئۆندەر بچێت بۆخۆی فیلم دروست بكات".
لەسەر ئەو گوتانەی حەسیب كاپلان، ھەریەك لە ھەدەپە و دەبەپە، ناڕەزاییەكی توندیان نیشاندا و لە راگەیەندراوێكدا ھەدەپە رایگەیاند: "كاپلان لێدوانێكی جیاخوازی و نەژادپەرستانەی داوە و سەركۆنەی دەكەین، ھەدەپە ھیچ پەیوەندییەكی بەو لێدوانانەوە نییە".
ئەمە لەكاتێكدایە ھەفتەی رابردوو، سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی گشتی ھەدەپە، ئاشكرای كردبوو كە لە كۆنگرەی داھاتووی ھەدەپە خۆی كاندید ناكاتەوە.