كارگەی ریسایکلین لە ھەولێر دادەمەزرێندرێت
كێشەی زبڵ و خاشاكی ھەولێر چارەسەر دەكرێت
K24 - ھەولێر
بڕیارە كارگەیەكی ریسایکلین، بۆ سوود وەرگرتنەوە لە زبڵ و خاشاكی ھەولێر دابمەزرێندرێت، بەڕێوەبەری شارەوانی خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی ھەولێریش رایدەگەیەنێت، ئێستا لە سەرەتای جێبەجێكردنی پڕۆژەكەدان و ئەمساڵ كارگەكە دەكەوێتەكار.
فەرمان خەلیل، بەڕێوەبەری شارەوانی خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی ھەولێر بە كوردستان24 رایگەیاند: "گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەك دەكەین بۆ دامەزراندنی كارگەی ریسایکلین، بە مەبەستی كۆكردنەوەی ھەموو زبڵی شاری ھەولێر و دەوروبەری، ئەو مادانەی بە كەڵك دێن دووبارە سوودیان لێوەردەگیرێتەوە، ئەوەی ناتوانرێ سوودی لێوەربگرین ژێرخاك دەكرێت".
گوتیشی: "پڕۆژەكە لەسەر رێگای گوێڕ-ھەولێر، جێبەجێ دەكرێت و ئەمساڵ دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كارگەكە بە شێوەیەك دروست دەكرێت كە كاریگەری نەرێنی نەبێت بۆ سەر خاك و ھەوا و ژینگە".
ئەوەشی خستەڕوو: "دوای ئەوەی پڕۆژەكە كەوتەكار، ئەو زبڵ و خاشاكەی لە نزیك كانی قڕژاڵە كۆكراوەتەوە، دایدەپۆشین و شوێنەكە دەكرێتە سەوزایی، بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر تەندروستی ھاووڵاتیان نەبێت".