مه‌ولود چاوشئۆغڵۆ: ئه‌گه‌ر چه‌ك به‌ يه‌په‌گه‌ بدرێت سووريا به‌ يه‌كپارچه‌يى نامێنێته‌وه‌

ئەمریکا بە پشیوانیکردنی یەپەگە بە شێوەیەکی ترسناک بە هەڵەداچووە و ناچارە ئەو هەڵوێستەی بگۆ

K24 – هه‌ولێر:

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند، "بەردەوامی پشتیوانیکردنی چەکدارانی پەیەدە/ یەپەگە بەچەک لەلایەن ئەمریکاوە، تەنها مەترسی نییە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا، هاوکات داهاتووی سووریاش دەخاتە مەترسییەوە".

چاوشئۆغڵو وتاریکی بە ناوی "ئاشتی چۆن لە سووریا بەدی دێت" لە گۆڤاری Newsweek ی بڵاوکردەوە. ناوبراو لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە کە کاتی ئەوە هاتووە رێگاچارەیەک بۆ جەنگی ناوخۆی سووریا بدۆزرێتەوە.

ناوبراو تیشکی خستۆتە سەر ئەوەی هێشتا هەڕەشەی تیرۆر لە سووریاوە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا کۆتایی نەهاتووە و لەگەڵ ئەمریکا کە لە ساڵی 1952ەوە لە ناتۆ هاوپەیمانن، بەڵام ئەمریکا بە پێی پێویست هەماهەنگیان لەگەڵ ناکات.

چاوشئۆغڵو نووسیوویەتی: "بوونی گرووپەکانی سەر بە پەکەکە لە باکووری سووریا بەردەوامە. ترسی ئێمەش لەوەیە کە هێزەکان بە پێشەنگایەتی ئەمریکا بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی داعش رێگە بەمە دەدەن. بەردەوامی پشتیوانیکردنی چەکدارانی پەیەدە/یەپەگە بەچەک لەلایەن ئەمریکاوە، تەنها مەترسی نییە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا، هاوکات داهاتووی سووریاش دەخاتە مەترسییەوە. لە راپۆرتی رێکخراوە سەربەخۆ نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دراوە (چەکدارانی) پەیەدە/یەپەگە بە خراپی مامەڵەیان کردووە. ئەوانەیان ناچار بە کۆچپێکردن کردووە کە کورد نین، دیمۆگرافیای ناوچەکەیان گۆڕیووە، گوندی خەڵکیان تێکداوە. نەیارە سیاسییەکانیان ناچار کردووە رووبکەنە دەرەوە وڵات یاخود خستوویانەتە زیندان و ئازار و ئەشکەنجەی خەڵکیان داوە و منداڵان دەبەن بۆ سەربازی ئەمانەش هاوتان لەگەڵ تاوانەکانی جەنگ".

چاوشئۆغڵو سەرنجی بۆ ئەوە راکێشاوە کە تابڵێی زەحمەتە پەیەدە/پەیەگە بە هەماهەنگی لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد و رێککەوتن لەگەڵ داعش بتوانێت مۆدێلێکی سیاسی پێشکەشی کوردەکانى سووریا بکات.

چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا کە هەرچەند پەیەدە/ پەکەکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە نوێنەرایەتی کورد دەکات، بەڵام بەهۆی گوشارەکانی ئەوان ٣٠٠ هەزار کورد لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئەوان رایانکردووە و ناتوانن بگەڕینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و لە تورکیا گیرساونەتەوە.

چاوشئۆغڵو تیشکی خستۆتە سەر ئەوەی کە نوێنەرانی شەرعی کوردانی سووریا لە ژێر ناوی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سووریا خۆیان رێکخستووە و لە گەڕی دانووستانەکانی جنێڤ بەشدارییان کرد و مافی بەشداریکردنیشیان پێ درا لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتیمانی لە سۆچی.

نووسیوویشیەتی: "ئەمریکا بە پشیوانیکردنی یەپەگە بە شێوەیەکی ترسناک بە هەڵەداچووە و ناچارە ئەو هەڵوێستەی بگۆڕێت. ئەگەر ئازادی تەواو بدرێت بە رێکخراوە تیرۆریستییە جوداخوازەکان و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان چەکیان پێ بدرێت ئەوا زەحمەتە سووریا بە یەکگرتوویی و یەکپارچەیی بمێنێتەوە".