وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌: هێڵى ئاسن و ترامواى 748 فه‌رمانبه‌رى هه‌يه‌ نه‌ك 32 هه‌زار

ره‌تيكرده‌وه‌، وه‌زاره‌ته‌كه‌يان 32 هه‌زار فه‌رمانبه‌رى تايبه‌ت به‌ هێڵى ئاسنى هه‌بێت

K24 – هه‌ولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ره‌تيكرده‌وه‌، وه‌زاره‌ته‌كه‌يان 32 هه‌زار فه‌رمانبه‌رى تايبه‌ت به‌ هێڵى ئاسنى هه‌بێت و رايگه‌ياند، ته‌نيا 748 فه‌رمانبه‌رى هه‌ن كه‌ هه‌شتيان كاتين.

له‌ لێدوانيدا بۆ سايتى ره‌سمى پارتى ديموكراتى كوردستان، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئومێد محەمەد ساڵح، رايگه‌ياند، "ھەموو فەرمانبەرانی وەزارەتی ئێمە 5 ھەزار و 491 فەرمانبەرە و 140 فەرمانبەری کاتیشی ھەیە، ئەمەش ھەموو بەشەکانی وەزارەت دەگرێتەوە، وەکو پۆستە و گەیاندن و کەشناسی، بەرێوبەرایەتی گواستنەوە، کە ھێڵی ئاسنین و تراموای تێدایە، 748 فەرمانبەری ھەیە و ھەشت فەرمانبەری کاتین".

ماوەی چەند رۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوە بڵاو دەکرێتەوە کە گوایە لە ھەرێمی کوردستان بە ناوی فەرمانبەر لە ھێڵی شەمەندەفەر 32 ھەزار کەس دامەزراون و مووچە لە حکوومەت وەردەگرن، بەڵام وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو دەنگۆیەى ره‌تكرده‌وه‌.

ئومێد محەمەد ساڵح گوتیشی: "ھێڵی ئاسنین و ترامۆای بەشن لە ناو بەڕێوبەرایەتیی گواستنەوە، ھۆکاری بوونی ئەمانەش ئەوەیە دیزاینی تراموای کراوە لە ھەولێر و دھۆک و سلێمانی پێش شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، کە زیاتر لە 5 ملیۆن دۆلاری پێویستە، بۆیە تا ئێستا ھیچ کۆمپانیایەک ئامادە نەبووە ئەو ئەرکە لە ئەستۆی خۆی بگرێت، بەڵام ئەوەی دەگوترێت وەزارەتی ئێمە 32 ھەزار فەرمانبەری ھێڵی شەمەندەفەری ھەیە، دوورە لە راستی و ھیچ بنەمایەکی نییە".