رووسيا دژى پێكهێنانى سوپايه‌ك له رۆژئاواى كوردستان هاته ده‌نگ
رووسيا بێ وه‌ڵام نابێت
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكى ليژنه‌ى به‌رگرى له ئه‌نجوومه‌نى دۆما (په‌رله‌مان)ـى رووسيا رايگه‌ياند، پێكهێنانى هێزێكى نوێى ئه‌منى بۆ پاراستنى سنووره‌كان له سووريا دژى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى رووسيايه و بێ وه‌ڵام نابێت.
سه‌باره‌ت به بڕيارى هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش به سه‌رۆكايه‌تى ئه‌مريكا بۆ پێكهێنانى سوپايه‌كى 30 هه‌زار كه‌سى بۆ پاراستنى سنووره‌كان له رۆژئاواى كوردستان (باكوورى سووريا)، ڤلاديمێر شامانۆڤ، گوتى: ئه‌و كاره نابێت بێ وه‌ڵام بمێنێته‌وه.
شامانۆڤ به ئاژانسى هه‌واڵده‌رى نۆڤۆستى رووسى راگه‌ياندووه، ئه‌و هه‌وڵانه‌ى ئه‌مريكا راسته‌وخۆ دژى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى رووسيان.
گوتيشى: "له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانمان رێككارى پێويست بۆ پاراستنى سه‌قامگيرى سووريا ده‌گرينه به‌ر".
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا سه‌رۆكايه‌تى كۆمارى توركيا، رايگه‌ياند، "دامه‌زراندن و راهێنانى هێزێكى تايبه‌ت به پاراستنى سنوور له لايه‌ن ئه‌مريكاوه سه‌رچاوه‌ى نيگه‌رانيمانه و جێى قبووڵ نييه".
ئه‌مريكا پلانێكى داناوه بۆ دامه‌زراندنى هێزێكى سه‌ربازى كه ئه‌ركى پاراستنى سنوور بگرێته ده‌ست و ئه‌و هێزه به به‌شدارى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات داده‌مه‌زرێنێت و راهێنانيان پێده‌كات و بڕياره ژماره‌يان بگاته 30 هه‌زار كه‌س.
وته‌بێژى سه‌رۆكايه‌تى كۆمارى توركيا دژى ئه‌و پلانه‌ى ئه‌مريكا لێدوانى دا.
ئيبراهيم كالن وته‌بێژى سه‌رۆكايه‌تى توركيا گوتيشى: "مافى ئه‌وه‌مان هه‌يه ده‌ستوه‌ردان بكه‌ين له دژى رێكخراوه تيرۆريستييه‌كان".
هه‌روه‌ها گوتى: "ئه‌مريكا هه‌نگاوى جێى نيگه‌رانيمان ده‌نێت به ئاراسته‌ى شه‌رعيه‌تدان به يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل و وايان لێده‌كات ببنه هێزێكى هه‌ميشه‌يى له ناوچه‌كه‌دا".
ئه‌وه‌شى گوت: "توركيا رێككارى پێويست له پێناو پاراستنى ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يى خۆى ده‌گرێته‌به‌ر".
هاوپه‌يمانى نێوده‌وڵه‌تى له دژى داعش، ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه 14ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2018 رايگه‌ياند، له‌گه‌ڵ هێزه به‌رهه‌ڵستكاره‌كانى سووريا و هاوپه‌يمانماندا هێزێكى سه‌ربازى بۆ پاراستنى سنووره‌كان پێكده‌هێنين.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، دواى نيوه‌ڕۆى دوێنێ تۆپخانه‌كانى سوپاى توركيا تۆپبارانى شارى عفرينيان له رۆژئاواى كوردستان (باكوورى سووريا) ده‌ستپێكرد.
شارى عفرين له ژێر كۆنترۆڵى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه)دايه و توركيا ئه‌و هێزانه به تيرۆريست وه‌سفده‌كات و بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كات درێژكراوه‌ى پارتى كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه)ن.
ئه‌و تۆپبارانه دواى ئه‌وه هات كه سه‌رۆكى توركيا ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان رايگه‌ياند، ئه‌گه‌ر يه‌په‌گه خۆى راده‌ست نه‌كات، عفرين خاپوور ده‌كه‌ين.
سه‌رچاوه: سپۆتينك، ئه‌نادۆڵ. روسياليه‌وم.