یەكگرتووی ئیسلامی بڕیاری كۆتایی دەدات
شاندێكی یەكگرتوو لەگەڵ حكومەتی ھەرێم كۆدەبێتەوە
K24 - ھەولێر
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ ئێوارەی ئەمڕۆ دواخرا، ھەر ئەمڕۆش شاندێكی یەكگرتوو لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و ئێوارە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو بۆ بڕیاردان لە كشانەوە یان مانەوە لە حكومەت دەست پێدەكاتەوە و یەكگرتوو بڕیاری كۆتایی دەدات.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، كەژاڵ عەلی، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند: "ئەمڕۆ كۆبوونەوەی نا ئاسای ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی بەڕێوەچوو، بەڵام كۆبوونەوەكەمان بە كراوەی ھێشتەوە بۆ ئێوارە، چونكە شاندی دانووستانكاری یەكگرتوو، كاتژمێر 02:30 لەگەڵ حكومەتی ھەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە، دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی شاندەكەمان لەگەڵ حكومەتی ھەرێم، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو دەست پێدەكاتەوە، بۆ بڕیاردان لە مانەوە یان كشانەوە لە حكومەت".
دوای كشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی لە حكومەتی ھەرێم، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، رایگەیاندبوو ئەگەر تا 15/1/2018، واتا ئەمڕۆ دەست بە چاكسازی گۆڕانكاری نەكات، ئەوانیش لە حكومەت دەكشێنەوە.