گرژییه‌كانی شه‌وی رابردوو له‌ چه‌مچه‌ماڵ خوێنڕشتن و ده‌ستگیركردنی به‌دواوه‌ بوو

ئه‌وانه‌ی رووبه‌ڕووی هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری یه‌كێتیش ببوونه‌وه‌ هه‌ر چه‌كداری یه‌كێتی بوون

K24- هه‌ولێر:

لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان هێزێکی دژە تیرۆری یەکێتی و چەند چەکدارێکی یەکێتی کەسێک کوژرا و چەند کەسیکیش برینداربوون و سێ کەسیش دەست بەسەر کراون.

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی 14/1/2018 هێزێکی دژە تیرۆری یەکێتی کە 30 ئۆتۆمۆبێلی سەربازی و چوار ئەمبولانس لەشاری سلیمانی بە مەبەستی جێگیربوونیان لە گرتووخانەی فیدڕاڵی چەمچەماڵ گەیشتوونەتە ئەو شارە، بەڵام لەلایەن چەند کەسێکی عەشیرەتی شوان کە هەموویان چەکداری یەکێتی نیشتمانی کوردستانن رێگیریان لیکراوە و بۆماوه‌ی کاتژمێرێک شەڕ و پێکدادان لەنێوان هەردوولا رووی داوە.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنیری کوردستان24، لەئەنجامی پێکدادانەکە، بێستون نازم حەمە سلێمان کوژراوە، کە ئەفسەری لیوای 2ی تایبەتی کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتییە و چەند کەسێک برینداربوون و سێ کەسیش بە ناوەکانی "یوسف محەمەد نەریمان بەرپرسی ئاسایشی بارەگای مەڵبەندی یەکێتی لە چەمچەماڵ، هەردی محەمەد و هیوا موبارەکی برای عەبدوڵلا کوێخا موبارەکی بەرپرسی مەکۆی گۆڕان و ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان" دەستگیرکراون.

هەر بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 هۆکاری پێکدادانەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو زەوییەی گرتووخانەکەی لەسەر بینا کراوە، موڵکی ئەو کەسانەی عەشیرەتی شوانە، لە هەمان کاتیشدا ئەوان گرێبەستی دابینکردنی خۆراکی گرتوخانەکەیان لە حکومەتی عێراقی وەرگرتووە، بەهۆی ئەوەی کە گرتووخانەکە دادەخرێت و زیندانییەکان دەگوازرێنەوە گرتووخانەی سوسێ، دژە تیرۆری یەکێتی دەیەوێت باڵەخانەکە بکەوێتە دەست خۆی و خاوەن موڵکەکانیش دەیانەوێت لەدەستی خۆیان بمێنێتەوە، پێکدادانەکە رووی داوە.

ھ.ب