ئێران سزای لەسێدارەدان بۆ بازرگانانی ماددەی ھۆشبەر لادەبات

پێداچوونەوە بە دۆسییەی 15 ھەزار كەس دەكرێت

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/1e953230-f9c5-45d9-a4a9-dfc46fb616da/011618DPG.ism/manifest

K24 - ھەولێر

دەسەڵاتی دادوەری ئێران بڕیاریداوە، پێداچوونەوە بە دۆسییەی 15 ھەزار كەس بكات كە سزای لەسێدارەدانیان بەھۆكاری بازرگانیكردن بە مادەی ھۆشبەر بۆ براوەتەوە، بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران، دەیانەوێ سزای لەسێدارەدان بۆ بازرگانانی مادەی ھۆشبەر نەھێڵن،و پێداچوونەوە بە دۆسییەكانیشیان دەستی پێكردووە.

حوسێن نەوروزی، گوتەبێژی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی ئێران بە ئاژانسی ھەواڵی ئیلنای گوتووە: "دەسەڵاتی دادوەری ئێران پێداچوونەوە بە دۆسییەی 15 ھەزار تاوانبار دەكات كە سزای لەسێدارەدانیان بۆ بڕاوەتەوە". ھۆكارەكەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بڕیارەی ماوەیەك لەمەوپێش بەرپرسانی ئێران بۆ لابردنی سزای لەسێدارەدان بۆ تاوانەكانی پەیوەندیدار بە مادەی ھۆشبەر داویانە".

پێشتر لە ئێران ئەو كەسانەی لەكاتی گواستنەوەی مادەی ھۆشبەر تەقەی لە ھێزە ئەمنییەكان كردبا یان تەنانەت چەكی پێبووا لەسێدارە دەدرا، ھاوكات ئەو بازرگانانەی 50 كیلۆگرام مادەی ھۆشبەری لێگیرابا، یان منداڵی لەبازرگانیكردن بەو مادانە بەكارھێنابا ھەر لەسێدارە دەدرا، بەڵام لە ھەنگاوێكی چاوەڕوان نەكراودا، دەسەڵاتی دادوەری ئێران بڕیاریدا بازرگانەكانی مادەی ھۆشبەر لەسێدارە نەدرێن.

بەپێی ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران، لەساڵی 2016 لەئێران 567 كەس لەسێدارەدرابوون واتە 66% ھەموو لەسێدارەدانەكانی جیھان، لە شەش مانگی یەكەمی 2017شدا 239 كەس لەئێران چوونەتە بەردەم پەتی سێدارە، كە زۆرینەیان بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە مادەی ھۆشبەرەوە بووە.