وەزیرەكانی یەكگرتوو ماڵئاوایی دەكەن
ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ وەزیرەكانی یەكگرتووی ئیسلامی ماڵئاوایی لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەن.
بە گوێرەی زانیاری پەیامنێری كوردستان24، بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان كۆببێتەوە و چارەسەركردنی قەیرانەكان و دوایین پێشھاتەكان لە پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا، بە تایبەت دوای سەردانكردنی شاندی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و دواتریش شاندی بەغدا بۆ ھەولێر تاوتوێ بكرێن.
بڕیاریشە وەزیرەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە كۆبوونەوەكە ئامادەبن و ماڵئاوایی لە حكومەت بكەن، تا ئێستاش دیار نییە ئەو پۆستانە بە چ لایەنێك و كێ پڕ دەكرێنەوە.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، خاوەنی ھەریەك لە وەزارەتەكانی كارو و كاروباری كۆمەڵایەتی، كارەبا، وەزارەتی ھەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیش بە وەكالەت بەڕێوە دەبات. ھەروەھا پۆستی سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە لە كابینەی ھەشتەمی حكومەت دراوە بە یەكگرتوو، بڕیارە ئەمرۆ لە ھەموو وەزارەت و دەستەكەش بكشێتەوە.
ھەر سەبارەت بەو پرسە، محەممەد ھاودیانی، وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، رایگەیاند: "تەنھا بۆ خواخافیزی دەچینە ئەنجوومەنی وەزیران، چونكە پێشتر بە یەك تیم كارمان كردووە".
گوتیشی: "ئێمە پابەندین بە بڕیاری ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی".