گرافیک و ڤیدیۆ.ئەو جادووگەرەی هاندەرانی ریال مەدرید ناچار کرد چەپڵەی بۆ لێبدەن وازی لە یاریکردن هێنا.
رۆناڵدینهۆ لە تەمەنی 37 ساڵی دوای 20 ساڵ یاریکردن بەیەکجاریی واز لە یاریکردن دەهێنێت
K24- هەولێر
چیدیکە ئەم جادووگەرە بڕازیلییە لەسەر لاکێشەی سەوز نابینینەوە، ئیدی چاومان بە جادووە سەرسووڕهێنەرەکانی رۆناڵدۆ دێ ئاسیس مۆرێرا ناسراو بە رۆناڵدینهۆ ناکەوێتەوە و رۆناڵدینهۆ ئەو چیرۆکەی 20 ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکردبوو، لە 2018 خاڵێکی لە کۆتایی دانا.
رۆناڵدینهۆ لە ساڵی 1998 دەستی بە یاریکردن کرد، وەکو زۆربەی ئەستێرەکانی بڕازیل منداڵێکی هەژار بوو پێش ئەوەی دەست بە یاریکردن بکات، رۆژێکیان بە رێکەوت لە کۆڵانێکی شاری پۆرتۆ ئەلێگرییەوە راهێنەرێکی ئەکادیمیای یانەی گریمیۆوە جوڵە سەرسوڕهێنەرەکانی دەبینێت و دەرگای بەختی دەکرێتەوە و دەچێتە گریمیۆ و دواتر بەرەو پاریس سانجێرمانی فڕەنسی و دواتریش لە 2003 روودەکاتە بارسێلۆنای ئیسپانی و لەوێ لە ئاسمانی تۆپی پێ دەگەشێتەوە.
رۆنی بە جوڵە سەرسوڕهێنەرەکانی و ئاستە بەرزەکەی لە کلاسیکۆی وەرزی 2006/2005ی لالیگا هاندەرانی ریال مەدریدی ناچار کرد چەپڵەی بۆ لێبدەن و وەکو رێزێک بۆ جادووەکانی هەڵستنە سەرپێ.
رۆناڵدینهۆ ساڵانی 2004 و 2005 لەگەڵ بلاوگرانا پێنج نازناوی بەدەستهێنا و ئەو جادووگەرە بڕازیلییە دوو ساڵ لەسەر یەکیش بە بەباشترین یاریزانی جیهان دەستنیشانکرا.
سەردەمی رۆناڵدینهۆ لەگەڵ سەماکارانی سامبا بەم گۆڵە دەستیپێکرد، لە مۆندیالی 2002 بە لێدانێکی راستەوخۆ داڤید سیمەنی گۆڵپارێزی بەناوبانگی ئینگڵاندی شەرمەزارکرد و لە کۆتایی دا لەگەڵ هەڵبژاردەی بڕازیل بووە پاڵەوانی مۆندیالی ژاپۆن و کۆریای باشوور.
رۆناڵدینهۆ لە کاروانی وەرزشی خۆی لەگەڵ هەشت یانەی جیاواز 441 یاریی ئەنجام دا و 167 گۆڵی تۆمارکرد و لەگەڵ بڕازیلیش لە 97 یاری 33 گۆڵی تۆمارکرد، بەڵام رۆناڵدینهۆ لە هەموو شتێک زیاتر بە جوڵە سەرنجڕاکێشەکانی ناوبانگی پەیداکردووە و تاهەتایە جادووەکانی لە هزری هەودارانی تۆپی پێ دەمێننەوە و ئەو چیرۆکەی 20 ساڵی خایاند، چەند بەشێکی هەن هەمیشە لەسەر زاری هەوادارانی بارسێلۆنا و بڕازیل دەمێننەوە کاریگەرییەکانی ئەو کوڕە بڕازیلییە لەسەر تۆپی پێ نەوە بۆ نەوە دەگێردرێنەوە.

